بە سەدان دەستبەسەرکراو لە زیندانێکی هایتی هەڵدێن

K24 - هەولێر
باندە مافیاکانی هایتی هێرشیان کردە سەر زیندانێکی پایتەختی ئەو وڵاتە، بەهۆیەوە بەسەدان زیندانی لە زیندانەکە هەڵاتن.
حکومەتی هایتی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پۆلیس نەیتوانیوە رێگری لە مافیانکان بکات لە ئازادکردنی زیندانییەکان، کە بەتۆمەتی "رفاندن و کوشتن و تاوانەکانی دیکە" دەستگیرکرابوون، بەگوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتە، لەکۆی سێ هەزار و 700 زیندانی بەسەدان زیندانی هەڵاتوون.
حکومەتی هایتی ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی هێرشەکەوە ژمارەیەک کەس بریدناربوون، بەڵام میدیاکان دەڵێن: لە هێرشەکەدا کوژراو و بریندار هەیە.
رۆژنامەی میامی هیراڵد بڵاوی کردەوە، سێ هەزار و 696 کەس لە زیندانی نیشتیمانی پۆرتی پایتەخت دەستگیرکراون، بەڵام حکومەت ژمارەی هەڵاتووەکانی ئاشکرا نەکردووە، هەروەها کۆمەڵەی پارێزەرانی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ لە هایتی رایانگەیاند، کەمتر لە 100 زیندانی لە زیندانەکەدا ماون.
رۆژنامەکە راشیگەیاند، باندە مافیا چەکدارەکان لە هێرشەکەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان بەکار هێناوە بۆ ئەوەی جوڵەی پاسەوانەکان بزانن، کە چ کاتێک بۆ هێرشەکە گونجاوە.
حکومەتی هایتی باسی لەوەشکردووە، لە دوای کوژرانی چەند ئەفسەرێکی پۆلیس، ژمارەیەک سەرکردەی مافیاکان دەستگیرکران لە زیندانی پۆرت، کە هەندێکیان تێوەگڵابوون لە کوشتنی سەرۆکی هایتی جۆفینێل مۆیس.