جومانە غەلای: زیاتر لە 76 هەزار دەنگدەری هەرێمی کوردستان لە تۆماری بایۆمەتری خۆیان تۆمارکردووە

جومانە غەلای
جومانە غەلای

K24 - هەولێر

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو 28ـی شوباتی 2024 زیاتر لە 81 هەزار کارتی بایۆمەتری بەسەر ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە، هەروەها زیاتر لە 76 هەزار کەسیش خۆیان تۆمارکردووە.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە 1-1-2024 تاوەکو 28ـی شوباتی 2024، 81 هەزار و 704 کارتی بایۆمەتری دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان دابەش کراوە، کە لە هەولێر 16 هەزار 511 کارتی بایۆمەتری دابەشکراوە، لە دهۆکیش 14 هەزار و 179 کارتی بایۆمەتری بووە، لە سلێمانیش 51 هەزار و 14 کارتی بایۆمەتری دابەشکراوە.

غەلای ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی تاوەکو 28ـی شوبات لە هەرێمی کوردستان خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری تۆمارکردووە گەیشتووەتە، 76 هەزار 448 کەس، کە لە هەولێر 34 هەزار و 888 خۆیان تۆمارکردووە، هەروەها لە دهۆک 21 هەزار و 203 کەس و لە سلێمانیش 20 هەزار و 357 کەس خۆیان تۆمارکردووە، کە کۆی گشتی دەکاتە 76 هەزارو 448کەس.  

رۆژی يه‌كشه‌ممه‌، 03-03-2024، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، "نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ دياريكردنى ڕۆژى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "له‌ فه‌رمانه‌كه‌دا پاڵپشت به‌ بڕگه‌ى (دووه‌م) له‌ مادده‌ى (ده‌يه‌م) له‌ ياساى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 2005ى هه‌مواركراو، نێچيرڤان بارزانى بڕيارى داوه‌ به‌ دياريكردنى ڕۆژى 2024/6/10 به‌ واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى گشتى بۆ خولى شه‌شه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان".

Fly Erbil Advertisment