خه‌میس خه‌نجه‌ر: داوامانکردووە هەرچی زووە کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجام بدرێت

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی رایگەیاند، لەگەڵ زۆرینەی پەرلەمانتارە سووننەکان کۆبووینەتەوە و داوامانکردووە هەرچی زووە کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.

خەمیس خەنجەر دەشڵیت، رێز لە بڕیارەکانی دادگا دەگرین، بەڵام دادگای فیدراڵی هیچ بڕیارێکی بۆ وەستاندنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەرنەکردووە.

خەمیس خەنجەر هه‌روه‌ها گوتی: "دادگای فیدراڵی هیچ بڕیارێکی وەلائی بۆ وەستانی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەرنەکردووە و دەکرێت درێژە بە پڕۆسەکە بدرێت، هەر بۆیە زۆرینەی سوونەکان داوای ئەو کۆبوونەوەیان کردووە".

رۆژی 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.

لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نیشاندا و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.

Fly Erbil Advertisment