یۆرۆستات: زیاتر لە 135 هەزار پەنابەر لە ئەوروپا دیپۆرت ده‌كرێنه‌وه

زیاتر لە 135 هەزار پەنابەر لە ئەوروپا دیپۆرت ده‌كرێنه‌وه
زیاتر لە 135 هەزار پەنابەر لە ئەوروپا دیپۆرت ده‌كرێنه‌وه

K24 - هەولێر

سەنتەری ئامار و داتای سەر بە یەکێتیی ئەوروپا کە ناسراوە بە ( یۆرۆستات) ئاشکرای کرد، لە ئەوروپا زیاتر لە 135 هەزار پەنابەر فەرمانی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ دەرچووە، دەبێت ئەوروپا بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.

وەزیرانی داد و پەنابەرانی ئەوروپا لەبارەی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران و بەهێزکردنی سنوورەکانی ئەوروپا، چوونە برۆکسل. وەزیری دادی سوید ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان هەوڵ دەدەن یاساکانی تایبەت بە پەنابەران گۆڕانکاری تیادا بکەن و ئەو کەسانەی  یاسای پەنابەری نایانگرێتەوە دیپۆرتیان بکەنەوە.

گونار سترۆمەر، وەزیری دادی سوید گوتی، "ئێمە بە گوێرەی یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا و یاسا نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان ئەو کارە دەکەین. ئەمەش واتە، جارجارە خەڵکی دەنێرینەوە وڵاتەکانیان."

بەلجیکا بۆ ماوەی شەش مانگی ئەمساڵ سەرۆکایەتی تەواوی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا دەکات. وەزیری کۆچ و پەنابەرانی بەلجیکا کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکە دەکات، ئەوەی خستەڕوو: "خەریکە هەموو وڵاتانی ئەوروپا رێک دەکەوین لەسەر چاکسازی و گۆڕانکاری لە یاساکانی پەنابەراندا".

نیکۆڵ دی مۆر، وەزیری کۆچبەرانی بەلجیکا ئەوەی خستەڕوو، "نزیکین لەوەی چاکسازییەکی گرنگ لە سیاسەتی کۆچ و پەنابەری ئەنجامبدەین و بەکۆتایی بێت. ئەمڕۆ جەخت لەسەر دوو بابەت دەکەینەوە، کە پەیوەندی بە پرسەکەوە هەیە. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو یاسا و رێککارەکان لەسەریان رێککەوتووین".

لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆری پەنابەر لە ئەوروپا دیپۆرتکرانەوە و بەشێک لەو پەنابەران خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بوون، یەکێتیی ئەوروپاش داوای لە پەنابەران کردووە ئەوانەی فەرمانی دادگایان بەدەست گەیشتووە و داوایان لێکراوە دیپۆرتبکرێنەوە پێویستە ئەوروپا بەجێبهێڵن.