شەریف سلێمان: حکومەتی عێراق نایەوێت رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکات

شەریف سلێمان، ئەندامێکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق
شەریف سلێمان، ئەندامێکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق، جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی قەزاکە دەکاتەوە، هاوکات رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق لە ئێستادا مەبەستی نییە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات.

شەریف سلێمان، ئەندامی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکوەیزرانی عێراق لەسەر بارودۆخی شنگال ناوبراو جەختی لە ئاسایکردنەوەی دۆخی شنگال کردەوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق، راشیگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق بە زووترین کات رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی بارودۆخی شنگال ئاساییبێتەوە و، تا خەڵکەکەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بەڵام ئەوەی ئێمە تێبینمان کردووە حکومەتی عێراق نایەوێت ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات.

شەریف سلێمان، ئاماژەی بەوەدا، نزیکەی چوار ساڵە ئێمە فشار لە حکومەتی عێراق دەکەین کە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات، هەروەها ئێمە چەندین جار بە سوودانیمان راگەیاندووە هەموو دەسەڵاتێکت هەیە بۆ ئەو رێککەوتنە جێبەجێ ناکەیت هۆکاری چیە، بەڵام تا ئێستا هۆکارەکەی باس نەکردووە.

رۆژی دووشه‌ممه‌ (4ـی ئاداری 2024) محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وای كرد و كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ قه‌زای شنگال به‌ڕێوه‌چوو.

له‌باره‌ی دۆخی شنگاله‌وه‌، سوودانی گوتی: "په‌یامی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ شنگال بۆ خه‌ڵك و دانیشتوانه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ حكومه‌تی عێراق به‌نیازه‌ هه‌ڵمه‌تێكی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ شنگال ده‌ستپێبكات، له‌مپێناوه‌ حكومه‌تی عێراق 50 ملیار دیناری بۆ سندووقی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق دابینده‌كات".

رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2020، بەچاودێری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتننامەی شنگال لە بەغدا واژووکرا، کە لە چەند خاڵێکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە پێکهاتووە.

رێککەوتنەکە دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی شنگال هات، دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لە رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2015، شارەکەیان لە دەست تیرۆریستانی داعش ئازادکرد.

وەکو ئەوەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان باسی دەکات، دوای سێ ساڵ لە واژووکردنی رێککەوتنی شنگال، "بەداخەوە هیچ هەنگاوێک نەچووینەتە پێش؛ ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی وایکردووە ئاوارە و خوشک و برایانی ئێزدی نەتوانن بگەڕێنەوە شنگال، لەبەر ئەوەی وەکو پێویست خزمەتگوزاری، ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەیان نییە".

رێککەوتننامەی شنگال کە ئامانج لێی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ناوچەکە، گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرییە و قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانە؛ بەسەر چوار تەوەردا دابەشکراوە، کە بریتین لە کارگێری، ئەمنی، ئاوەدانکردنەوە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە.

رێبەر ئەحمەد گوتی، "هەمیشە داوامانکردووە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت. سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوکاربووە لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بەڵام بەداخەوە لە دەرەوەی ئیرادەی حکومەتی عێراقیش خەڵکانێک هەنە، رێگرن لەوەی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت".