سەرمەد بەیاتی: داواکاری لایەنە شیعەکان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کاردانەوە بوو

سەرمەد بەیاتی، شارەزای ئەمنی و سەربازی
سەرمەد بەیاتی، شارەزای ئەمنی و سەربازی

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی ئەمنی و سەربازی لەبارەی داوای لایەنە شیعەکان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق رایگەیاند، کاردانەوەیەک بوو لەبەرامبەر جەنگی غەززە، هەر وەک چۆن لەکاتی بە ئامانجگرتنی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس ئەو داوایە هەبوو.

رۆژی سێشەممە (5ـی ئاداری 2024) سەرمەد به‌یاتی، شارەزای ئەمنی و سەربازی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و داخوازییەکانی لایەنە شیعەکان رایگەیاند، تەنیا کاردانەوەیەک بوو لە بەرامبەر جەنگی غەززە، هەروەک چۆن پێشتریش ئەو پرسە برایە پەرلەمانی عێراق لە دوای بە ئامانجگرتنی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس، کە داوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کرا.

ئەو شارەزایە ئەمنی و سەربازییە روونیکردەوە، پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا پەیوەندی بە پەرلەمانەوە نییە و ئەم بابەتە پەیوەندی بە حکومەت و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە هەیە کە ئێستا ئەوانیش لەسەر ئەم بابەتە لەسەر هێلن و لە گفتوگۆدان لەگەڵ ئەمەریکا.

سەرمەد بەیاتی گوتیشی: هیچ متمانەیەک لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق نییە و چەندین جار کورد رووبەڕووی بۆردومانکردن بوونەتەوە، تەنانەت لەشوێنی نیشتەجێبوون بە ئامانجگیراون، هەروەها سوننەکانیش دووچاری ترس بوونەتەوە لە ناوچەکانی خۆیان، بۆیە ئەم داوایە تەنیا لەلایەن پێکهاتەی شیعەوە پشتگیری دەکرێت و پێکهاتەکانی دیکە قسەیەکی دیکە دەکەن.

بوونی ئەمەریکا لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە لە عێراق، سەرمەد بەیاتی روونیکردەوە: بۆ سەقامگیری سیاسیی گرنگە و پەیوەندی و سەردانەکانی باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە سەرتاسەری عێراق دەرخەری ئەوەیە کە ئەوان خۆیان بە هاوبەشی عێراقییەکان دادەنێن، هەروەها هەرێمی کوردستانیش پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ واشنتن هەیە هەروەکو چۆن لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا بینیمان چەندین دیداری گرنگی لەسەر ئاستی باڵا ئەنجامدا.

لەبارەی داواکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، بەیاتی ئاماژەی بەوەکرد: داخوازییەکی عێراقییە بەڵام بەشێکە لە ئەجێندای لایەنێکی دەرەکی، بەتایبەتی ئێران خۆی بە فەرمی رایگەیاندووە ئەوان دژی بوونی هێزەکانی ئەمەریکان لە عێراق و لە گفتوگۆکانیشیان لەگەڵ عێراق ئەو بابەتەیان دووپاتکردووەتەوە.

ئەو شارەزای ئەمنی و سەربازییە باسی لەوەشکرد، مەترسی گەڕانەوەی هەژموونی داعش، ژینگەی کارکردن و توانای سەربازی هێزە چەکدارەکانی عێراق کاریگەری لەسەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا هەیە و دەبێت لە رووی سەربازییەوە ئەو بابەتە لێکۆڵینەوەی زیاتری بۆ بکرێت لە کاتێکدا، عێراق سەروەری ئاسمانی نییە و پێویستی بە فڕۆکەی چاودێری هەیە بۆ ئاسمان و کەشوهەوا.

هەروەها سەرمەد بەیاتی باسی لە لێکەوتەی ئابووری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کرد و گوتی: تاوەکو ئێستا عێراق لەژێر کاریگەری ئابوورییەکاندایە و راستەوخۆ مەترسی بۆ سەر سەبەتەی خۆراک دەبێت، کاتێک بەهای کڕینی کەلوپەل بە دۆلارە و هەر گۆڕانێک لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن، کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق دروستدەکات.

Fly Erbil Advertisment