حکومەتی عێراق رۆژی نیشتمانیی "لێبووردەیی و پێکەوەژیان"ـی هەڵوەشاندووەتەوە

K24 - هەولێر
حکومەتی عێراق رۆژی نیشتمانیی "لێبووردەیی و پێکەوەژیان" کە دەکاتە 06ـی ئاداری هەموو ساڵێک، هەڵوەشاندووەتەوە.
حکومەتی ئێستای عێراق رۆژی نیشتمانیی "لێبووردەیی و پێکەوەژیان" کە دەکاتە 06ـی ئاداری هەموو ساڵێک و، لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقەوە راگەیەندرابوو و کرابووە پشووی فەرمی؛ هەڵوەشاندووەتەوە.
دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە سەرجەم فەرمانگە دامودەزگاکانی عێراق دەوامی فەرمییە و نەکراوەتە پشوو. ئەمە لە کاتێکدایە لە دوو ساڵی رابردوودا، رۆژی 06ـی ئادار پشووی لە سەرتاسەریی عێراق فەرمی بوو، بەڵام لە ساڵنامەی حکومەتی ئێستای عێراقدا بۆ ساڵی 2024، ئەم رۆژە نیشتمانییە دەرهێندراوە و نەکراوتەوە پشوو.
رۆژی 05ـی ئادارای 2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان سەردانی عێراقی کرد. پاپا فرانسیس لە پەراوێزی سەردانەکەیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کە چوار رۆژی خایاند، رۆژی 06ـی ئاداری 2021، لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەی نێوان پاپا فرانسیس و سیستانی، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "بە بۆنەی کۆبوونەوەی مێژوویی نێوان هەردوو جەمسەری ئاشتی و لێبوردەیی، مەرجەعی شیعە عەلی سیستانی، و پاپا فرانسیس، و کۆبوونەوەی ئایینەکان لە شاری مێژوویی ئور، دەستنیشانکردنی 6ـی ئاداری هەموو ساڵێک وەک ڕۆژێکی نیشتمانی بۆ لێبووردەیی و پێکەوەژیان لە عێراقدا ڕادەگەیەنین".