وەزیری تەندروستی: هەوڵی جددی بۆ دابینکردنی دەرمان دەدەین

K24 - هەولێر
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی هەنگاوی جددی دەنێن بۆ دابینکردنی پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان. وەزیری تەندروستیی عێراقیش دەڵێت، "دابینکردنی دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی ئێمەیە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 06-03-2024، د. ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق بە یاوەری شاندێکی باڵای وەزارەتەکەی گەیشتە هەولێر و، لەلایەن د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێ کرا.
سبەی وەزیرانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و عێراق سەردانی سلێمانی دەکەن
لە میانی سەردانی ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق و بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی هەولێر؛ د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی هەنگاوی جددی دەنێن بۆ کاری هاوبەش و گەیاندنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمڕۆ سەردانی نەخۆشخانەکانی راپەرینی منداڵان، نانەکەلی و هەولێری فێرکاریمان کرد. هاوکات چەند سەنتەر و تاقیگەی پزیشکیمان لە شاری هەولێر بەسەر کردەوە".
د. سامان بەرزنجی گوتیشی، "پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق هەیە و بەردەوام شاندەکانی هەردوولا سەردانی یەکدی دەکەن. لە رۆژانی داهاتوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوە و چالاکی جیاواز ئەنجام دەدەین".
بە گوتەی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، سبەی پێنجشەممە، 07-03-2024، لەگەڵ وەزیری تەندوستیی عێراق سەردانی شاری سلێمانی دەکەن، نەخۆشخانەکان بەسەر دەکەنەوە و چەند کۆبوونەوەیەکیش لەو شارە ئەنجام دەدەن.
حه‌سناوی: دابینکردنی دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی ئێمەیە
ساڵه‌ح حه‌سناوی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی فیدراڵ له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "سه‌ردانه‌كانمان له چوارچێوه‌ی پڕۆژه وهزارییهكهمانه. نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی عێراق پێویستیان به كۆمه‌لێك پێداویستییه، له‌میانی ئه‌م سه‌ردانه‌دا له پێداویستییه‌كان ده‌كۆڵینه‌وه و هه‌وڵی دابینكردنیان ده‌ده‌ین".
حه‌سناوی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، "ئه‌م سه‌ردانه به‌شێكه له هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان. به‌رپرسیارێتی حكومه‌ته پێداویستی بۆ نه‌خۆشخانەکانی هه‌ولێر و سلێمانی و به‌سره وه‌ك یه‌ك دابین بكات".
وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی فیدراڵ لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، گوتی، "ساڵانی رابردوو په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر باشمان پێكه‌وه هه‌بوو. هه‌وڵده‌ده‌ین، له ئایینده‌شدا ئه‌و په‌یوه‌ندییانه به‌هێزتربكه‌ین. دابینكردنی ده‌رمان و پێداویستی نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه و ئه‌وانی دیكه‌ش له هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه له به‌رپرسیارێتی حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌وڵده‌ده‌ین به‌شێك له كه‌ره‌سته و پێداویستییه پزیشكییه‌كانیان بۆ دابین بكه‌ین".