حەیدەر شەشۆ: حکومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال کەمتەرخەم بووە

حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی ھێزی پاراستنی ئێزیدخان
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی ھێزی پاراستنی ئێزیدخان

K24 – هەولێر:

فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان، ئاماژە بەوە دەکات، جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال لە بەرژەوەندی خەڵكی شنگالە، بەڵام حكومەتی عێراق كەمتەرخەم بووە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەدا.

حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی ھێزی پاراستنی ئێزیدخان، بە كوردستان 24ی راگەیاند، رێککەوتنی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی پێشووی عێراق کە موستەفا کازمی سەرۆکایەتی دەرکرد واژۆکرا، بەڵام تا ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.

فەرماندەی ھێزی پاراستنی ئێزیدخان، باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال کەمتەرخەم بووە، پێویستە سەرۆکوەیزرانی ئێستای عێراق پابەندی رێککەوتنەکە بێت.

حەیدەر شەشۆ، گوتی: جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە سەقامگیری بۆ شنگال دەگەڕێنێتەوە، هاوکات داواش لە ئاوارەکانی شنگال دەکات بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان بۆ ئەوەی فشار لە حکومەتی عێراق بکرێت تا رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات.

رۆژی سێشەممە (5ـی ئاداری 2024) شەریف سلێمان، ئەندامی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند ، نزیکەی چوار ساڵە ئێمە فشار لە حکومەتی عێراق دەکەین کە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات، هەروەها ئێمە چەندین جار بە سوودانیمان راگەیاندووە هەموو دەسەڵاتێکت هەیە بۆ ئەو رێککەوتنە جێبەجێ ناکەیت هۆکاری چیە، بەڵام تا ئێستا هۆکارەکەی باس نەکردووە.

ۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2020، بەچاودێری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتننامەی شنگال لە بەغدا واژووکرا، کە لە چەند خاڵێکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە پێکهاتووە.

رێککەوتنەکە دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی شنگال هات، دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لە رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2015، شارەکەیان لە دەست تیرۆریستانی داعش ئازادکرد.

وەکو ئەوەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان باسی دەکات، دوای سێ ساڵ لە واژووکردنی رێککەوتنی شنگال، "بەداخەوە هیچ هەنگاوێک نەچووینەتە پێش؛ ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی وایکردووە ئاوارە و خوشک و برایانی ئێزدی نەتوانن بگەڕێنەوە شنگال، لەبەر ئەوەی وەکو پێویست خزمەتگوزاری، ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەیان نییە".

رێککەوتننامەی شنگال کە ئامانج لێی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ناوچەکە، گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرییە و قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانە؛ بەسەر چوار تەوەردا دابەشکراوە، کە بریتین لە کارگێری، ئەمنی، ئاوەدانکردنەوە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە.

رێبەر ئەحمەد گوتی، "هەمیشە داوامانکردووە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت. سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوکاربووە لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بەڵام بەداخەوە لە دەرەوەی ئیرادەی حکومەتی عێراقیش خەڵکانێک هەنە، رێگرن لەوەی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت".