ئافرەتێک کە خۆی بە پزیشکی جوانکاری ناساندبوو دەستگیرکرا

K24 - هەولێر
سەندیکای پزیشکانی لقی هەولێر رایگەیاند، ئافرەتێکی بە رەگەز عەرەب کە خۆی بە پزیشکی پێست و جوانکاری ناساندبوو لە کاتی ئەنجامدانی خولێکی جوانکاری دەستگیرکرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئاداری 2024، لە بەیاننامەیەکدا سەندیکای پزیشکانی لقی هەولێر رایگەیاند، دوای کۆکردنەوەی زانیاری لە لایەن ئەندامانی لێژنەی پشکنین و بەدواداچوونی سەندیکای پزیشکان، لقی هەولێر بە هەماهەنگی بەشی پشکنین و دڵنیایی جۆری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و هاوکاری قائمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر خولێکی جوانکاری پزیشکی لە یەکێک لە هوتێلەکانی شاری هەولێر راگیرا.
بەپێی بەیاننامەکە خولەکە لەلایەن ئافرەتێکی بەرەگەز عەرەب کە خۆی بە پزیشکی جوانکاری ناساندبوو، بەڵام پزیشک نەبووە دەستگیرکراوە. هەر بۆیە رێکاری یاسایی لە بەرامبەردا دەگیرێتە بەر، بەشداربووانی خولەکەش هیچ یەکێکیان پزیشک نەبوون و هەڵگری بڕوانامەی پزیشکی نەبوون و رێپێدانی سەندیکای پزیشکانیشیان نەبووە.