فەرەنسا نیوەی هێزە سەربازییەکانی خۆی لە سەنیگال دەکێشێتەوە

K24 - هەولێر
رۆژنامەی "لو تیموان"ـی سەنیگاڵی رایگەیاند، لە کۆتایی ئەمساڵدا فەرەنسا هێزە سەربازییەکانی لە سەنیگال بۆ نیوە کەمدەکاتەوە.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگری سەنیگالەوە بڵاویکردەوە، هێزی دەریایی فەرەنسا تا کۆتایی مانگی حوزەیران وڵاتەکەی بەجێدەهێڵێت، تەنها 260 کەسیان دەمێنێتەوە کە زۆربەیان راهێنەر و شارەزای سەربازین.
ئەم بڕیارە بەهۆی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانەوە دێت بەرامبەر بە هەبوونی سەربازانی فەرەنسا لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئەفریقا.
رۆژنامەی "لۆمۆند"ـی فەرەنسی پێشتر رایگەیاندبوو، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا بڕیاریدا هێزی سەربازی وڵاتەکەی لە گابۆن و سەنیگال و کۆتدیڤوار بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، ئاماژەی بەوەشدا، پرۆسەی کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی دەستیپێکردووە، پێشبینیش دەکرێت ئەمساڵ خێراتر بێت.
لە مانگی شوبات، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان سەنیگالی گرتەوە، ئەمەش وایکرد ماکی سال، سەرۆکی سەنیگال هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی دوابخات.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە سەنیگال سەرنجی بەرفراوانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەسەرە، چونکە ناوچەی رۆژئاوای ئەفریقا بە گۆڕانکاری سیاسی زۆر ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، کە گرنگترینیان دوورکەوتنەوەیە لە فەرەنسا.