شرۆڤەکارێکی سیاسی: ئێمە راپەڕینمان بۆ سەربەخۆیی و ئازادی کردووە

K24 - هەولێر
شرۆڤەکارێکی سیاسی رایگەیاند، خەڵکی کوردستان لەساڵی 1991 راپەڕینی کرد بۆ ئەوەی لەدەست رژێمی بەعس رزگاری بێت، بۆ داهات و مووچە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7می ئاداری 2024، د. کەیوان ئازاد، مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی، لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 خەڵکی بۆ ئەوە راپەڕینی کرد تاکو لە دەست ستەم و چەوساندنەوەی رژێمی بەعس رزگاری بێت، خەڵکی بۆ ئەوە راپەڕینی نەکرد تاکو بە مووچە بگات یان بە داهات بگات یاخود بە خزمەتگوزاری بگات، هەموو ئەمانە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا تا ئاستێک هەبوو، بەڵام خەڵکی بۆ ئەوەراپەڕینی کرد بۆ ئەوەی لە رژێمی بەعس رزگاری بێت کە 35 ساڵ ئاگر و ئاسنی بەرامبەر بە کورد بەکاردەهێنا.
بەگوتەی ئەو: "دوای 33 ساڵ لەمێژوو کە دەیبینین شاری سلێمانی کە لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ راپەڕینی تێیدا ئەنجامدرا 360 پلە گۆڕانکاری بەخۆوە بینیوە. بۆچی ئەمڕۆ خەڵکی گەیشتووە بەو دۆخەی کە بە بەغدا رازی بێت، یان بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵ؟ خەڵکی بۆ گەیشتووە بەو ئاستەی لە پێناو مووچەی مانگانەی خۆی هەموو شتێکی ژیانی وەلانێت؟ ئەمە بووەتە پرسیارێکی بێ وەڵام".
کەیوان ئازاد دەشڵێت: "خاڵی گرنگ ئەگەر شیبکەینەوە ئێمە راپەڕینمان کردووە بۆ سەربەخۆ و ئازادی کردوومانە، هیچ یەکێک لەو شۆڕشانەی رابردوو بۆ نان بۆ خۆراک بۆ مووچە نەبووە.
راشیگەیاند، 33 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر راپەڕیندا ئێستا دۆخێکی تازە دەبینین لە هەرێمی کوردستاندا، ئەویش ئەوەیە لە هەرێمی کوردستاندا چەند دیاریدەیەک دەردەکەوێت، خەڵکی وا هەست دەکات لە بەرپرسانی هەرێم دابڕاون، وا هەست دەکەن ئەوەی بۆ بەرپرسان هەیە بۆ کەسانی ئاسای نییە. خەڵکی بەسەیرکردنی بارودۆخی جیاوازی بەرپرسەکان و خۆیانن نیگەرانن، دەبینرێت چەند مانگ مووچە دوا دەکەوێت، لە دوای پەتای کۆرۆنا دۆخێکی گرانی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە. هەموو ئەمانە بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە خەڵکی هەموو ئەو ئازادییانەی خۆی بەلاوە گرنگ نەبێت.