كچه كوردێك له ئه‌ڵمانیا بازاڕگه‌ری دیجیتاڵی له هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌ناسێنێت

K24 - هەولێر:
له به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا ئیڤێنتێك به‌ڕێوه‌چووه و تێیدا ئه‌ڤین قادر، كارسازی كورد له بواری دیجیتاڵ تەکنەلۆژی و هاودامەزرێنەری کلیک عێراق له‌لایه‌ن رێكخراوی ئییۆنیك ئینته‌رناشناڵه‌وه بانگهێشتكرابوو و ئیڤێنته‌كه به گوتاری ئه‌ڤین ده‌ستیپێكرد كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی تایبه‌ت بوو به بواری ته‌كنه‌لۆژیا و كارسازی.
ئه‌ڤین قادر له گوتاره‌كه‌یدا خۆی وه‌ك کارساز لە بواری دیجیتاڵ تەکنەلۆجی و هاودامەزرێنەری کلیک عێراق ناساند و رایگه‌یاند، خزمەت دەکەن لە بواری تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی بۆ کڕیارەکانیان لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گوتیشی، گەشتەکەی تەنیا پەیوەندی بە تەکنەلۆژیاوە نییە، به‌ڵكو چیرۆکی بەهێزکردنی تواناکانی گەنجان و بەدواداچوونە بۆ گەشتن بە دیدگایەک بۆ بەشداریکردن لە ئابووری وڵات‌دا.
ئه‌ڤین قادر له به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا گوتی، سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژی، لە عێراق و کوردستان وەک خانمێک لە بوارێک‌دا کە زۆرینە تێیدا پیاوانن، شتێکی باو و ئاسان نییە. "کاتێک کۆمپانیاکەمان دەستیپێکرد، هەموو ئەو ئامرازانەمان دامەزراند و داماننا کە پێویستن بۆ بەردەوامبوونی کۆمپانیاکەمان."
ئه‌و خانمه كارسازه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی پێویستی بە خوێندەواری دیجیتاڵی هەیە، بەهۆی ئەوەی ژێرخانی تەکنەلۆژی لە عێراقدا بە باشی جێگیر نەبووە، وەک کەرتی تایبەت خەمخۆری بەشداری کردن بووین لەم پێشکەوتنەدا و هەستانەوەی ئابووری وڵات. "لە ئەنجامدا خولیای خوێندەواری دیجیتاڵی بووم بۆ بەهێزکردنی تاکەکان تا بتوانن بە تەواوی بەشداری کۆمەڵگا و ئابووری و پەروەردە بکەن."
ئه‌ڤین قادر سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، هه‌ستیان كردووه ئه‌گه‌ر كارێكی له‌و شێوه‌یه بكه‌ن، گەنجان پەروەردە دەکەن و هەروەها بەم پەروەردەیە رێگەیان پێدەدەن لە رووی داراییەوە ئازاد و سەربەخۆ بن، به‌تایبه‌تی سەربەخۆبوون لە دارایی و پەروەردەدا گەشەی تاک بەرهەم دەهێنێت و بەو پێیەی ئافره‌ت لەم کەرتەدا زۆر کەمن، بۆیه "هەستم دەکرد زیاتر بەرەو ئەو ئازادییە هەنگاو دەنێم."
باسی له‌وه‌ش كرد، بە درێژایی گەشتەکەیان لە کلیک عێراق بە سوودوەرگرتن لە تواناکانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و بە تایبەتی دیدگایان بەرەو خوێندەواری دیجیتاڵی، سێ پڕۆژەی پێشکەوتووی کارسازییان لە عێراق دروستکردووە، کە هەر پڕۆژەیەک بڕێکی زۆری دەرفەتی کار و پیشەیی لێهاتوو و کەسانی بەهێزی پێگەیاندووە.
ئه‌ڤین قادر روونیشیكرده‌وه، پلاتفۆرمێكیان هه‌یه به ناوی (ClickEd) كه سەکۆیەکی فێربوونی لێهاتووییە لە بواری تەکنەلۆژیای دیجیتاڵییه و له رێگه‌یه‌وه زیاتر لە 250 گەنج و ئافرەتیان بە تایبەتی راهێناوە، به‌شێوه‌یه‌ك لەگەڵ Job Studio زیاتر لە 8000 فریلانسەریان هەیە لەسەر پلاتفۆرمەکەیان و زیاتر لە 300 کۆمپانیا بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و لەگەڵ پڕۆژەی Next Step دەرفەتیان بۆ زیاتر لە 3200 قوتابی رەخساندووه، کە بتوانن پشتگیری راستەوخۆ، راهێنان، سکۆلەرشیپ، و پێداویستییە پەروەردەییەکانی دیكه بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی زانکۆکانیان زیرەکتر هەڵبژێرن کە لەگەڵ پێداویستییەکانی پیشەی داهاتوودا بگونجێت.
ئه‌و خانمه كارسازه جه‌ختیشیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان پڕە لە تاکی بەهرەمەند و بەتوانا. "کەسانی وەک من، خانمانی وەک من، تەنها پێویستی بە دەرفەتی گونجاو هەیە بۆ ئەوەی بدرەوشێتەوە، ئەوەی تا ئێستا کردمان کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام دەزانین کاریگەری دادەنێین لەگەڵ دروستکردنی پڕۆژە کە خزمەت بە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی دەکات لەگەڵ خوێندەواری دیجیتاڵی."
ئه‌ڤین قادر له كۆتایی گوتاره‌كه‌یدا رۆژی جیهانیی ئافره‌تانی به زمانی كوردی له ئاماده‌بووان پیرۆز كرد.



