بزووتنەوەی گۆڕان خانەی نوێی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی هەڵدەبژێرێت

مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی
مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی

K24 - هەولێر

دوای نزیکەی دوو مانگ لە بەستنی دووەمین کۆنفرانسی نیشتمانی، بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی خانەی نوێی راپەڕاندن و رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە کردووە، لە هەفتەی داهاتووە پرۆسەکە دەست پێدەکات.

نزار مەحموود ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24ی راگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردن بۆ دەستەی نوێی بەڕێوەبردنی مەکۆکان بکرێت و دوای هەڵبژاردنی بەڕێوەبردنی مەکۆکانیش، رۆژێک بۆ کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی دیاری دەکرێت و خانەی نوێی راپەڕاندن و رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە هەڵدەبژێرێت.

بزووتنەوەی گۆڕان رۆژی شەممە (20ی کانوونی دووەمی 2024)، لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی بە ئامادەبوونی زیاتر لە 800 ئەندام لەژێر دروشمی (گۆڕان بەرەو قۆناغێکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان) دووەم کۆنفرانسی نیشتمانی خۆی بەست، لە یەكەم رۆژی كۆنفرانسدا شەش لیژنە پێكهێنرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەدای سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان لە پڕۆسەی سیاسییدا.

هەر لە دووەم کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاردرا، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی جڤاتی گشتی و نیشتمانی و خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە و تەواویی ئۆرگانە باڵاکانی بزووتنەوەكە لە پرۆسەیەكی جیا لە كۆنفرانسی نیشتمانی کاری لەسەر بکرێت.

Fly Erbil Advertisment