حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د: هه‌رێمی كوردستان رۆڵێكی گه‌وره‌ی له جیۆسیاسی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه
K24 - هەولێر:
پسپۆڕێكی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كات، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چه‌قی گرنگیپێدانه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه. ده‌شڵێت، هه‌رێمی كوردستان رۆڵێكی گه‌وره‌ی له جیۆسیاسی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه.
ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 7ـی ئاداری 2024) حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د، پسپۆڕی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، به‌هۆی شه‌ڕی غه‌ززه و كۆمه‌ڵێك رووداو و پێشهاتی دیكه، ئێستا رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه‌ته چه‌قی گرنگیپێدانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
ئه‌و پسپۆڕه‌ی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ئه‌مه‌ریكا له به‌رده‌م دووڕیانێكدایه، یان ده‌بێت بشكێت و راده‌ستی ئێران و لایه‌نگره‌كانی بێت و ناوچه‌كه به‌جێبهێڵێت، یانیش ده‌بێت ئێران و لایه‌نگره‌كانی له ناوچه‌كه‌دا پاشه‌كشه پێ بكات.
حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د جه‌ختیكرده‌وه، ئه‌مه‌ریكا هه‌رگیز رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه چه‌قی سیاسه‌ته‌كانیه‌تی به‌جێناهێڵێت، نه‌خاسمه كه په‌یوه‌ندی به ئاسایشی وزه و ئه‌منی و ئیسرائیله‌وه هه‌یه.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تدا سه‌باره‌ت به رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆر گه‌وره‌تر و گرنگترن له سیاسه‌ته‌كانی خودی بایدن و تره‌مپ، به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له ناوچه‌كه‌دا زۆر قووڵن و ئێرانیش باش له‌م راستییه تێده‌گات.
حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه كرد، ئه‌و گورزانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له گرووپه لایه‌نگره‌كانی ئێرانی دا به‌تایبه‌تی له عێراق و سووریا، بۆ ئێرانییهكانی سه‌لماند ئه‌مه‌ریكا به ته‌نیا ئه‌مه‌ریكای دیپلۆماسی نییه، به‌ڵكو ئه‌مه‌ریكای ئه‌و گورزه كاریگهرانهیه.
تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش كه هیچ جه‌نگێكی جیهانی روونادات، به‌ڵكو شه‌ڕه‌كان و به‌ریه‌كه‌وتنه‌كان له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا رووده‌ده‌ن و ئه‌مه‌ریكا پاشه‌كشه به هێزه‌كان ده‌كات، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا رۆڵی هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌كه‌وێت، كه هه‌ر چه‌نده به‌شێك نییه له شه‌ڕه‌كه، به‌ڵام رۆڵێكی گرنگی جیۆساسی هه‌یه.