فه‌ره‌نسا کۆنفرانسێکی نوێی ئاسایشی نێودەوڵەتی له‌خۆده‌گرێت

فه‌ره‌نسا کۆنفرانسێکی نوێی ئاسایشی نێودەوڵەتی له‌خۆده‌گرێت
فه‌ره‌نسا کۆنفرانسێکی نوێی ئاسایشی نێودەوڵەتی له‌خۆده‌گرێت

K24 - هەولێر:

فه‌ره‌نسا بۆ له‌مه‌ودوا هاوشێوه‌ی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، كۆنفرانسێكی ساڵانه‌ رێكده‌خات، ئامانجیش لێی بریتییه‌ له‌ رێگه‌دان به‌ بیرکردنەوەی ستراتیژی فەرەنسی و ئەوروپی بۆ پرس و بابه‌ته‌ ئه‌منییه‌كان.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ژەنەڕاڵ بینۆیت دۆریۆت، سەرۆکی ئەکادیمیای بەرگری لە قوتابخانەی سەربازی فه‌ره‌نسی رایگه‌یاند، فەرەنسا یەکەمین کۆنفرانسی ئاسایشی نێودەوڵەتی خۆی لە رۆژانی 13 و 14ـی ئاداری 2024 به‌ ناونیشانی "کۆنفرانسی پاریس بۆ بەرگری و ستراتیژی" رێكده‌خات، كه‌ ئه‌مه‌ش هاوشێوەی کۆنفرانسی میونشن و کۆنفرانسە گەورەکانی دیکەی ئاسایشی نێودەوڵەتییه‌.

ژەنەڕاڵ دۆریۆت روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م كۆنفرانسه‌ تایبه‌ت به‌ "ئه‌وروپا له‌ چوارڕیانێكدا" و تێیدا رێگه‌ به‌ به‌رپرسانی فه‌ره‌نسا و وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌دات له‌م میانه‌وه‌ بۆچوون و بیرۆكه‌كانیان بخه‌نه‌ڕوو.

کۆنفرانسەکە لە لایەنی فەرەنسییەوە لەلایەن سێباستیان لۆکۆرنو، وەزیری هێزە چەکدارەکان كۆنفرانسه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ و  تیری بورچارد، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان کۆتایی پێده‌هێنێت. هەروەها 22 بەرپرسی کۆمپانیاکانی بەرگریش بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن.

ژەنەڕاڵ دۆریۆت رایگه‌یاندووه‌، زیاتر لە دوو ساڵ تێپەڕیوە بەسەر هێرشی رووسیا لە ئۆکرانیا، نزیكه‌ی شەش مانگیش بەسەر جه‌نگی ئیسرائیل و حه‌ماس تێپه‌ڕ ده‌بێت، بۆیه‌ جیهانی به‌ر له‌ 24ـی شوباتی 2022 كه‌ رووسیا تێیدا هێرشی كرده‌ سه‌ر ئۆكرانیا نه‌ماوه‌، بۆیه‌ رووسیا به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان جۆره‌ مه‌ترسییه‌كی بابه‌تییانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وروپا دروست كردووه‌.

ئەکادیمیای بەرگری فەرەنسی کە لە پاییزی 2023 دامه‌زراوه‌، نزیکەی 20 رێکخراوی توێژینەوە و راهێنان و دامەزراوە و خانه‌ی هزریی له‌خۆده‌گرێت و هه‌ر یه‌كێكیان بەشدارن لە مشتومڕی ستراتیژی لە ئەوروپا.