هاکان فیدان بۆ شەڕی پەکەکە و کڕینی فڕۆکەی F16 لە ئەمەریکایە

هاکان فیدان و ژمارەیەک سیناتۆری ئەمەریکی
هاکان فیدان و ژمارەیەک سیناتۆری ئەمەریکی

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێک لە ئەمەریکایە و لەگەڵ ئیدارەی واشنتن گفتوگۆ دەکات لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا دژی پەکەکە، هاوکات دۆسیەی کڕینی فڕۆکەی F16ـی ئەمەریکی لەلایەن ئەنقەرەوە.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا کۆبووەوە و دواتر چاوی بە ژمارەیەک سیناتۆر کەوت. بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆببێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە، دۆخی رۆژئاوای کوردستان و خێراکردنی پرۆسەی فرۆشتنی فڕۆکەی F16 دەبێت.

دوای پەسەندکرانی ئه‌ندامێتی سوید لە ناتۆ لەلایەن پەرلەمانی تورکیا، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتن پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ. ئەمەریکا پرۆژەیاسای فرۆشتن و نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەی F16ـی پەسەندکرد. دوای هەموو ئەو پێشهاتانە، ئێستا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە ئەمەریکان.

فیدان لەگەڵ جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. میدیاکانی تورکیا دەڵێن، جگە لە سولیڤان، هاکان فیدان بەشداری لە کۆبوونەوەی میکانیزمی هاوبەشی تورکیا و ئەمەریکا دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا، چاوی بە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک سیناتۆر دەکەوێت، دواتر بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی سینک تانک دەکات.

لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی پەکەکە لە سنووری عێراق و سووریا، پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە دروستکردنی هێڵێکی 30 کیلۆمەتریی کردووە، بەڵام تائێستا ئەمه‌ریکا گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵنەکردووە.

جیا لەوە تورکیا داوا دەکات پرۆسەی فرۆشتن و نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەی F16 بەزووترین کات دەستپێبکات، و جارێکی دیکە بگەڕێندرێتەوە ناو پڕۆژەی دروستکردنی فڕۆکەی F35 و گەمارۆکانی کاتسا لەسەر تورکیا هەڵبگیرێن کە  ئەمەیان زیانی گەورەی بە پیشەسازی ئەو وڵاتە گەیاندووە.

هاوکات ئەمەریکا بەگرنگییەوە لە رۆڵی ئەو وڵاتە لە شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا لەگەڵ گواستنەوەی وزە و چارەسەرکردنی پرسە ناوچەییەکان دەڕوانێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و سیاسی، تورکیا دەستی بە گۆڕانکاری ریشەیی لە سیاسەتەکانی کردووە، هاوکات هەنگاوی نوێ نراوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر.دیوێکی دیکەی سەردانی فیدان و کاڵن، كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا دروستکردنی زەمینەسازییە بۆ دیدارێکی لوتکەیی نێوان ئەردۆغان و بایدن.

رۆژت (5ـی ئاداری 2024) پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" سەبارەت بە پێدانی فڕۆکەی F16 بە تورکیا بۆ کوردستان24 گوتی: "ئێمە پشتیوانی لە پێدانی ئەو جۆرە فڕۆکەیە بە تورکیا دەکەین".

رۆژی (25ـی کانووی دووەمی 2024) جۆو بایدن ،سەرۆکی ئەمەریکا نامەیەکی ئاراستەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کردبوو، کە تێیدا داوا کردبوو بەزووترین کات فرۆشتنی فڕۆکەی F16 بە تورکیا پەسەند بکەن و چیتر پرۆسەکە دوانەخرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، کە لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، بایدن لە نامەکەیدا داوای لە کۆماریی و دیموکراتەکانی کۆنگرێس و بە تایبەتیش لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس کردووە هەرچی زووە گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەکان بە تورکیا پەسەند بکەن، کە بەهای گرێبەستەکە 20 ملیار دۆلارە، کە فرۆشتن و پارچەی یەدەگ و نۆژەنکردنەوە لە خۆدەگرێت.

نامەکەی بایدن بۆ کۆنگرێس لەکاتێکدایە، رۆژی (23ـی کانوونی دووەمی 2024)، پەرلەمانی تورکیا بە 287 دەنگی بەڵێ، ئەندامییەتی وڵاتی سویدی لە هاوپەیمانی ناتۆ پەسەند کرد.