دامەزراوەی ڤی بۆ دیموکراسی: دیموکراسییەت لە جیهاندا لە پاشەکشەدایە
K24 – هەولێر:
دامەزراوەی ڤی بۆ دیموکراسی کە سەر بەزانکۆی گۆتەنبێرگە لە سوید راپۆرتێکی دەربارەی پاشەکشەی دیموکراسی لە جیهاندا بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لەوەدەکات، وڵاتانی جیهان لەساڵی 2023ـدا، زیاتر باوەشیان بۆ خۆسەپاندن و سەرکوتکاری کردووەتەوە و پشتییان لە دیموکراسی کردووە.
دامەزراوەی ڤی بۆ دیموکراسی لە راپۆرتەکەیدا باس لەوەدەکات، لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەی خاوەنی دەسەڵاتی خۆسەپێنن عێراق لەکۆی 178 وڵات، پلەی 119ـەمینی گرتووە و جەختی لەوەشکردووەتەوە، جیهان زیاتر باوەش بۆ سیستمە سەرکوتکارەکان دەکاتەوە و پشت لە دیموکراسی دەکات، بەجۆرێک ئێستا 71%ـی دانیشتووانی جیهان لەو وڵاتانەدا دەژین کە دەسەڵاتەکانیان بەرەو سەروکوتکار هەنگاودەنێن، ئەم رێژەیەش بەراورد بە 10 ساڵ پێش ئێستا 48% زیاترە.
بەگوێرەی دامەزراوە سویدییەکە، هەڕەشەکانی سەر ئازادی رادەربڕین، هەڵبژاردنی ئازاد، ئازادی رۆژنامەوانی زیادییان کردووە و روونیکردووەتەوە، هەر مەترسییەکیش لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی ئازاد، بەمەترسی گەورە لەسەر دیموکراسی دادەنرێت. هەروەها ڤیم بۆ دیموکراسی بە نائومێدییەوە باس لەوەدەکات، لەجیهانی ئەمڕۆدا هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ پەرەدان بە دیموکراسی بەدیناکرێت.
دامەزراوەی ڤیم بۆ دیموکراسی لە درێژەی راپۆرتەکەیدا تیشی خستووەتەسەر ئەوەی، لە 60 لەو وڵاتانەی هەڵبژاردنیان تێدا ئەنجامدراوە، 35 وڵاتیان دیموکراسیەت تیایاندا بەرەو پاشەکشەچووە، ئەمەش دووهێندەی چوارساڵ پێش ئێستایە، لەکاتێکدا تەنها سێ وڵات پەرەیان بە دیموکراسییەکەیان داوە.
هاوکات بەپێی راپۆرتەکەی ئەو دامەزراوە سویدییە، ئێران و سووریا لە راپۆرتەکەدا لە پاڵ ئوردن، ئۆزبەکستان، چاد، مالی، کۆریای باکوور و سوودانی باشوور، بە وڵاتانی خۆسەپێنی داخراو پۆلێنکراون.