جوان رۆژبەیانی: لە کابینەی نۆیەم دەرفەتی باش بۆ ئافرەتان رەخسێندراوە

K24 – هەولێر:
یاریدەدەری بەرپرسی بەشی پەیوەندی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە رۆژی جیهانی ئافرەتاندا دەڵێت: پێویستە ئافرەتانی کوردستان زیاتر بەرەنگاری ئالنگارییەکان ببنەوە و کۆڵنەدەن لە کارەکانیان و بەرەوپێشبردنی خۆیان.
جوان رۆژبەیانی، یاریدەدەری بەرپرسی بەشی پەیوەندی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئافرەتەوە کۆمەڵێک پەیامی گرنگ ئاراستەی ئافرەتانی هەرێمی کوردستان کرا، کە زیاتر هانی ئافرەتان دەدەن بەردەوام بن لە کارەکانیان و کۆڵنەدەن.
یاریدەدەری بەرپرسی بەشی پەیوەندی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەودەدا، پێویستە ئافرەتانی کوردستان زیاتر بەرەنگاری ئالنگارییەکان ببنەوە و کۆڵنەدەن لە کارەکانیان، هەروەها پەیامەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ئافرەتان پڕن لە ئومێد.
جوان رۆژبەیانی، گوتی: کارنامەی کابینەی نۆ سەبارەت بە رۆڵی ئافرەت وەک خۆی جێبەجێ کراوە، رۆڵ بە ئافرەت دراوە و بەرپرسیارەتی گەورەیان لە وەزارەتەکاندا پێسپێردراوە.
ئەمڕۆ(8ـی ئادار/ مارسی 2024) رۆژی جیهانی ئافرەتانە، ساڵانە لەم رۆژەدا ئافرەتانی جیهان بە کار و چالاکی جۆراوجۆر ئەم یادە بەرز رادەگرن.
سەرۆک بارزانی بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئافرەتانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە تێێدا هاتووە، هەشتی مارس، رۆژی جیهانیی ئافرەتان، لە سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و عێراق و جیهان پیرۆز بێت. لەم بۆنەیەدا پشتیوانیی خۆم بۆ مافەکانی ئافرەتانی کوردستان دووپات دەکەمەوە و ڕۆڵی ئافرەتانی کوردستان لە خەبات و ئازادیخوازیی گەلەکەمان بەرز دەنرخێنم.
هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵاتی ئێکس رایگەیاند، لەم بۆنەیەدا، پابەندبوونی خۆمان بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان و بەهێزترکردنی پێگەیان لە کایەکانی دەسەڵات و حکومڕانی و بەهێزکردنی بنەماکانی یەکسانیی رەگەزی دووپاتدەکەینەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئافرەتانی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە، کە هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی مافە رەواکانیان دەبێت، بۆ ئەوەی بە بەپێی توانا و لێهاتوویی خۆیان رۆڵ و پێگەی شایستەیان هەبێت لە هەموو کایەکانی کۆمەڵگەدا.