پۆلیانسکی: سیاسەتمەدارانی ئەوروپا دەیانەوێت ململانێی ئۆکرانیا و رووسیا پەرەبسەنێت

K24 – هەولێر

جێگری یەکەمی نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ژمارەیەک سیاسەتمەداری نابەرپرسانی ئەوروپی دەیانەوێت ململانێی ئۆکرانیا پەرەسەنێت و راستەوخۆ ببێتە شەڕی رووسیا و ناتۆ.

دیمیتری پۆلیانسکی، جێگری یەکەمی نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، کە مۆسکۆ داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە لە 22ـی ئاداردا سەبارەت بە ئۆکرانیا، ئەمەش دوای لێدوان و هەنگاوە مەترسیدارەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوا.

بەگوتەی ئەو: "ژمارەیەک سیاسەتمەداری نابەرپرسانی ئەوروپی دەیانەوێت ململانێی ئۆکرانیا پەرەسەنێت، چونکە چیتر ململانێکان ناڕاستەوخۆ نین، بەڵکو ململانێی راستەوخۆی نێوان رووسیا و ناتۆیە.

پۆلیانسکی ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەستەمە قسەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە پێویستی ناردنی هێزی هاوپەیمانان بۆ ئۆکرانیا جیاوازتر لێکبدرێتەوە لە چاو رێگریکردن لە رووخانی رژێمی کیێڤ.

ناوبراو لە درێژەی گوتەکانیدا گوتیشی: "جێگای داخە کە لە وتارەکەی نوێنەری فەرەنسادا هیچ شتێکمان لەبارەی هەڕەشە لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم نەبیست".

هەروەها ئاماژەی بە گفتوگۆ دزەپێکراوەکەی ئەفسەرانی سوپای ئەڵمانیا کرد کە "باسی چۆنیەتی یارمەتیدانی ئۆکراینییەکان دەکەن بۆ لەناوبردنی پردی کێرچ لە نیمچە دوورگەی کریمە و لێدان لە قووڵایی خاکی رووسیا".

راشیگەیاند، لە هەمان گفتوگۆدا گوێمان لە پشتڕاستکردنەوە بوو کە راوێژکارە سەربازییەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا و ئەوروپی راستەوخۆ یارمەتی هێزەکانی ئۆکرانیا دەدەن بۆ هەڵبژاردنی ئامانج بۆ لێدانەکان لە رووسیا.

جەختیشی لەوە کردەوە کە دەستدرێژیی رۆژئاوا بۆ سەر رووسیا بە هاوکاری ئۆکرانیا لانیکەم 10 ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە.

پۆلیانسکی لە کۆتاییدا دەڵێت: "کە هەموو ئەو بابەتانە لە کۆبوونەوەی جیاجیای ئەنجومەنی ئاسایشدا کە رووسیا لە 22ـی ئاداردا داوای کردبوو، تاوتوێ دەکرێن".

Fly Erbil Advertisment