مافیاکانی هایتی هێرشیان کردە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی

باندە مافیاکانی هایتی
باندە مافیاکانی هایتی

k24 - هەولێر

کەناڵی ئەی بی سی بڵاویکردەوە، باندە مافیاکانی هایتی هێرشیان کردووەتە سەر چەند باڵەخانەیەکی حکومی و کۆشکی سەرۆکایەتی لە پۆرت ئۆ پرینسی پایتەختی هایتی.

کەناڵی "ئەی بی سی" بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئاداری 2024، بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ هەینی باندە مافیاکانی هایتی هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر چەند باڵەخانەیەکی حکومی لە شاری پۆرت ئۆ پرنس پایتەختی ئەو وڵاتە دەستپێکرد و زیانێکی زۆریش بەر ئەو وڵاتە کەوتووە. هەروەها کۆشکی سەرۆکایەتی وباڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆ و بەشی پۆلیس لە ئامانجی هێرشبەرەکان بوون.

بەگوتەی کەناڵەکە: "گوێیان لە تەقە و تەقینەوە بووە". هەروەها راشیگەیاند، نزیکەی 10 ئەندامی باندەکە کوژراون، هەرچەندە ئەم داتایە بە تەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

تەقەکردنەکە لە ناوەندی شاری پۆرت ئۆ پرنس پایتەختی هایتی و لە ناوچەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شارەکە دەستیپێکردووە، لەو کاتەی ئاریێل هێنری، سەرۆکی وڵات کە لە کینیا بووە. هەروەها گروپە باندە مافیاکان نییەتی خۆیان بۆ رزگارکردنی وڵات و رێگریکردن لە گەڕانەوەی سەرۆکی وڵاتەکە راگەیاند.

هایتی دەیان ساڵە کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی تێیدا بەردەوامە و ئەم قەیرانە لە دوای تیرۆرکردنی یوڤینێل مۆیس، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە تەمموزی 2021 خراپتر بووە، ئەمەش بەهۆی بێهەڵوێستی دەسەڵاتداران بووەتە هۆی زیادبوونی بێ وێنەی کاریگەری گروپە مافیاکان کە پراکتیزەکردنی دەست بەسەرداگرتن و رفاندن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ناوچەکانی وڵات.

Fly Erbil Advertisment