کەنەدا ژنە پەرلەمانتارێک و بەرپرسێکی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانی وڵاتەکەیەوە

K24 - هەولێر
حکومەتی کەنەدا بەڕێوەبەری کارگێڕیی میتڕۆی تاران و ژنە پەرلەمانتارێکی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانی وڵاتەکەیەوە.
مێلانی جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا ڕایگەیاند، لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە ئەمە 17مین پاکێجی گەمارۆی ئەو وڵاتەیە دژی ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونیشی کردەوە، ئەو گەمارۆ نوێیانە لە وەڵامی پێشێلکارییە بەرفرەوان و سیستماتیکەکانی حکومەتی ئێران دژی مافی مرۆڤ، بەتایبەتی مافی ژنان و کچان، هەروەها کردەوە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتە بۆ تێکدانی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە دانراون.
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ڕایشیگەیاندووە، مەسعوود دروستی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی میترۆی تاران بەهۆی ڕۆڵگێرانی لە جێبەجێکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لە سیستەمی گشتیی گواستنەوە و گەیاندن و زوهرە ئیلاهیان، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی ئێران بەهۆی پشتگیرییەکانی بۆ لەسێدارەدانی ناڕازییانی ژن ژیان ئازادی خراونەتە لیستی گەمارۆکانی ئەو وڵاتەوە.
هاوکات ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەو هەنگاوەی حکومەتی کەنەدای بەتوندی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوەی کەنەدا سیاسییە و بۆ پڕۆپاگەندا لە ڕوانگەیەکی جیاکاریدانانەوە سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێراندایە.
محەمەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی قەرارگەی بەقییەتوڵای سوپای پاسدارانیش کە بە عەزیز جەعفەری ناسراوە، ڕایگەیاند، چالاکییەکانی حیجابوانەکان سەبارەت بە هاندان بۆ چاکە و نەهی لە خراپە نەک هەر لە وێستگەی تیئتاتری شاری میترۆی تاران بەردەوام دەبێت، بگرە لە هەموو وێستگەکانی دیکەی میترۆش دەست پێ دەکات.
جەعفەری دەشڵێت، دەمانەوێ بە پەرەپێدانی هەنگاوەکانمان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی بێ حیجابیدا زۆر زوو ئەو فیتنەیە لەناو ببەین. جەختی لەوەش کردووەتەوە، بێ حیجابی ڕیشەی شۆڕشی ئیسلامی هەڵدەکەنێت.