پزیشکێك چەند سوودێکی سەرسوڕهێنەری بەڕۆژووبوون ئاشکرادەکات

K24 – هەولێر:
راوێژکارێکی هەرێمیی بۆ خۆراک لە نووسینگەی هەرێمیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناوەند لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رایدەگەیەنێت بەڕۆژووبوون سوودی بۆ تەندروستی هەیە و لەشی مرۆڤ لە خانە لەناوچووەکان پاکدەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە (9ـی ئاداری 2024) دکتۆر ئەیوب جەوالدە، راوێژکاری هەرێمیی بۆ خۆراک لە نووسینگەی هەرێمیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناوەند لە رێکخراوی تەندروستی جییهانی، لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، کە رۆژووگرتنت سوودێکی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە.
ئەو راوێژکارەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەدا، مانگی رەمەزان دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی دۆخی تەندروستی مرۆڤ و دووبارە گەڕاندنەوەی چالاکیی جەستە، ئەمانەش لەکاتی خۆبەدوورگرتن لە خواردن و خواردنەوە روودەدات لە بەیانییەوە تا ئێوارە.
دکتۆر ئەیوب جەوالدە، دەڵێت: لە رووی زانستییەوە سەلمێندراوە کە بەڕۆژووبوون پارێزگاری لە جێگری کێشی لەش دەکات، بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن، ناوبراو ئەوەشی روونکردەوە، بەڕۆژووبوون مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە و فشاری خوێن کەمدەکاتەوە، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ ئاسودەیی کۆئەندامی هەرس.
ئەو راوێژکارەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، باسی لەوەشکرد، لەڕووی زانستییەوە سەلمێندراوە کە بەڕۆژووبوون بەرگری لەش زیاد دەکات، هەروەها لەشی مرۆڤ لە خانە زیانلێکەوتووەکان و نەخۆشەکان پاک دەکاتەوە.
دکتۆر ئەیوب جەوالدە، ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکات کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە پێش رەمەزان خۆیان ئامادە بکەن، وەک ئەوانەی بەرزی فشاری خوێن، شەکرە و شێرپەنجەیان هەیە، روونیشی دەکاتەوە کە دەبێت ئامۆژگاری لە پزیشکەکەیان وەربگرن، بەتایبەت ئەگەر بارودۆخەکەیان تایبەتە.
ئەو راوێژکارەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لەبارەی ئافرەتانی دووگیان دەڵێت: دەبێت ئافرەتانی دوو گیان راوێژ بە پزیشک بکەن بۆ بەڕۆژووبوون.
ئەم پزیشکە هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی کە نەخۆشی جگەرییان هەیە و گوتی: پێویستە هەفتەیەک یاخود 10 رۆژ پێش بەڕۆژووبوون سەردانی پزیش بکەن بۆ ئەوەی پزیشکەکە پلانیان بۆ دابنێت لەسەر چۆنیەتی بەڕۆژووبوونیان.