قایمقامی قه‌زای هەریر ده‌ستبه‌كاربوو
K24 – هەولێر:
دیوانی پارێزگای هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ریر به فه‌رمی لە سەر راسپاردە و فەرمانى سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانى كرایه قه‌زا، ئه‌مڕۆ رێككاره‌كان ته‌واوبوون و قایمقامه‌كه‌ی ده‌ستبه‌كاربوو.
له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی دیوانی پارێزگای هه‌ولێردا هاتووه، لە پێناو خزمەتکردنى زیاتر هاووڵاتییان و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەستی ئاوەدانى پتر بە سنوورەکە، له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی، دواى تەواوبوونى رێكکارە ئیدارى و یاساییەکان و لە يادى "33" ساڵەى ئازادکردنى هەریر لە 10ى ئادارى 1991، لە رێورەسمێکدا بە فەرمى بە قەزابوونى هەریر راگەیه‌ندرا و شێروان جەلالیش وەک قائیمقامى قەزاکە بەوەکالەت دەست بەکاربوو.
له گوته‌یه‌كدا ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، وێراى پیرۆزبایی لە هاووڵاتییان و دانیشتوانى دەڤەرەکە بەبۆنەى ساڵڕۆژى ئازادكردن و بە قەزابوونى ناحییەکەیان، رایگەیاند، بڕیارى بە قەزابوونى هەریر دیارى جەنابى سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه بۆ هاووڵاتييانى ناوچەکە، بەو ئومێدەى بە هەموو لایەک بتوانین خزمەتى زیاتر و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەستی ئاوەدانى پتر پێشکەش بە خەڵکى ئەو ناوچەیە بەگشتى بکەین، کە شایستەى هەموو خزمەتێکن.
دوابەدوای بڕیاری زیادکردنی قەزاکانی "پیرمام، عەنکاوە، قوشتەپە" لە سنووری پارێزگای هەولێر، لەسەر فەرمانى سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی ناحیەى هەریریش بە فەرمى بوو بە قەزا.
پێشتر هەریر سەر بە قەزای شەقڵاوە بوو لە سنووری پارێزگای هەولێر و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 23 هەزار کەسە. ڕووبەرەکەی 560 کیلۆمەتر دوجایه و بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 100 گوند لە سنووری ئەو قەزایە هەن.
رۆژی 7ـی ئابی 2023، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەی ژمارە 110ـی ئاسایی خۆی بۆ تاوتوێکردنی نووسراوێکی پارێزگاری هەولێر بۆ بە قەزاکردنی ناحیەی هەریر کۆبووەوە.
لە کۆی 30 ئەندامی ئەنجوومەنەکە، 27 ئەندام بەشدارییان لە کۆبوونەوەکە کرد و بە دەنگی 22 ئەندام بڕیاری هێنانەکایەی قەزای هەریر لە سنووری هەردوو ناحیەی هەریر و باسرمە پەسندکرا.