خشتەی کارپێکردنی موەلیدەکان بۆ مانگی رەمەزان لە هەولێر و سلێمانی راگەیەندرا

موەلیدە ئەهلییەکان
موەلیدە ئەهلییەکان

K24 – هەولێر:

ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی خشتەی کارپێکردنی موەلیدە ئەهلییەکانی گەڕەکانی هەردوو شاری هەولێر و سلێمانییان بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز بڵاوکردەوە.

دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (10ـی ئاداری 2024) وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆزە لە هەرێمی کوردستان، بۆ پێدانی کارەبا لە کاتە پێویستەکان بە هاووڵاتییان، خشتەی  نوێی کارپێکردنی موەلیدەکان بۆ مانگی رەمەزان لە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی راگەیەندرا.

بەگوێرەی ئەو خشتەیەی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر بڵاویکردووەتەوە: لە رۆژانی ئاساییدا، لە کاتژمێر (1:00)ـی نیوەڕۆ تاوەکو کاتژمێر (8:00)ـی بەیانی، هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی لەو ماوەیەدا نەبوو، دەبێت موەلیدەی گەڕەکەکان کارەبا بە هاووڵاتییان بدەن.

لە رۆژانی هەینی، شەممە و رۆژە پشووەکاندا، لە کاتژمێر (1:00)ـی نیوەڕۆ تاوەکو کاتژمێر (6:00)ـی بەیانی هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی لەو ماوەیەدا نەبوو، دەبێت موەلیدەی گەڕەکەکان کارەبا بە هاووڵاتییان بدەن.

هەروەها بەگوێرەی خشتەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی، لە کاتژمێر (1:00)ـی نیوەڕۆ تاوەکو کاتژمێر (5:30)ـی بەیانی هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی لەو ماوەیەدا نەبوو، دەبێت موەلیدەی گەڕەکەکان کاربکەن بۆ پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان.

بەپێی خشتە نوێیەکەی کارەبای سلێمانی: لە کاتژمێر (6:30)ـی بەیانی تاوەکو کاتژمێر (8:00)ـی بەیانی، موەلیدەکان کارناکەن و رۆژانی هەینی و پشووەکانیش بە هەمان خشتە کاردەکەن.

Fly Erbil Advertisment