رێبوار تاڵەبانی: هەوڵدەدرێت زۆرینەی کورد لە سەنتەری کەرکووک نەهێڵدرێت

K24 - هەولێر
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایدەگەیەنێت، دەسەڵاتدارانی کەرکووک بە پلان سەرقاڵی کەمکردنەوەی کورد و زیادکردنی عەرەبن لەناو سەنتەری کەرکووک.
ئەمڕۆ دووشەممە، 11-03-2024، رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەبارەی دۆخی ئێستای پارێزگای کەرکووک، هەڵبژاردنی پارێزگار و چەند پرسێکی دیکە، میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24 بوو کە گوڵەباخ بەهرامی پێشکەشی کرد.
رێبوار تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، "چەندین جار جەختم لەوە کردووەتەوە، ئەو هێز و گرووپە چەکدارانەی ئێستا لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی عێراقن، کەرەستی دەست وڵاتێکی دەرەکین. عێراق خۆی سەروەری نەماوە و حکومەتەکەی ناتوانێت ئەو هێزانە کۆنتڕۆڵ بکات. ئەم چەندە بۆ هەموو لایەک روونبووەتەوە".
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک باسی لەوەش کرد، "لەگەڵ پێکهێنەرانی ئێستای کابینەی سوودانی لەبارەی 13 خاڵ رێککەوتنمان کردووە، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا پێویستە دۆخی کەرکووک بگەڕێتەوە پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا زۆرینەی ئەو خاڵانە جێبەجێ نەکراون و دۆخی کەرکووک هەر وەکو خۆی ماوەتەوە".
بە گوتەی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، "ئێستا برادەرانی نەتەوەی عەرەب دەیانەوێت سەنتەری شاری کەرکووک کە زۆرینەی کوردە، کەمبکەنەوە و بۆ چەند ساڵێکی دیکە ناسنامەکەی لە کوردییەوە بکرێتە زۆرینە عەرەبی. هەوڵدەدرێت هاووڵاتییانی عەرەبی ناوچەکانی دیکەی عێراق بهێندرێنە کەرکووک و کوردیش لەم شارە دەربکەن".
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "خەباتی کورد نابێت لەپێناو پارێزگار و پۆستدا بێت، بەڵکو پێویستە شەڕ لەسەر ناسنامەی کەرکووک بکات. ئەمە کێشەی سەرەکی ئێمە بووە لە 100 ساڵی رابردوودا".