یەشار گولەر: هاوینی ئەمساڵ کێشەی پەکەکە چارەسەر دەکەین

یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا
یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا

K24 – هەولێر:

وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، هاوینی ئەمساڵ کێشەی پەکەکە لە سنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەن،  ئەمەش دوای هەفتەیەک دێت لە راگەیاندنەکەی ئەردۆغان کە ئاماژەی بە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی نوێ کردبوو لە دژی پەکەکە.

یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی حورییەت ئاماژەی بە ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی سوپای تورکیا بۆ سنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا و رایگەیاند، هاوینی ئەمساڵ کێشەی پەکەکە لەسنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەن.

گولەر گوتیشی، دەیانەوێت کۆریدۆرێکی ئەمنی بە قوڵایی 30 بۆ 40 کیلۆمەتر دروستبکەن لەپێناو پاراستنی سنوورەکانیان و ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسە باڵاکانی عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە پەکەکە بۆ ئەوانیش بووەتە هۆی کێشە و لە هەرێمی کوردستان بە سەدان گوند بەتاڵکراون.

رۆژی (5ـی ئاداری 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا لەرێگەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە بازنەی ئەمنی لە عێراق تەواو دەکەن، ئەم قسەیە لە میدیاکانی جیهان وەک ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنێکی دیکە لە دژی پەکەکە لێکدانەوەی بۆکرا، هاوکات هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیش نزیک بووەتەوە و ئۆپۆزیسیۆن دەسەڵات بەوە تۆمەتبار دەکات، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەر هەڵبژاردنێک، دەسەڵات باسی ئۆپراسیۆنی سەربازی دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەریەکە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە چەند رۆژی رابردوو لە ئەمەریکا بوون و ئاژانسە هەواڵییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە تورکیا هەوڵی ئەوە دەدات کە ئەمەریکا رازی بکات هیچ رێگری و کاردانەوەیەکی نەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەی هاوینی ئەمساڵ و هاوکات باس لەوەش دەکرێت، تورکیا نیازی ئەوەی هەیە کە ئۆپراسیۆنەکە تەنیا لە سنووری هەرێمی کوردستان و عێراقدا بێت و بەمەش ئەمەریکا تەنیا تێبینی لەسەر رۆژئاوای کوردستان هەیە.

سوپای تورکیا لە (27ـی مانگی ئایاری 2019)ـەوە تا ئێستا چه‌ندین ئۆپراسیۆنی وشکانی و ئاسمانی لە سنووری هەرێمی کوردستان ئه‌نجامداوه‌ کە کۆتاهەمینیان ئۆپراسیۆنی چڕنوک قوفڵە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بریتین لە: چڕنووک-1 (27.05.2019)، چڕنووک-2 (12.07.2019)، چڕنووک-3 (23.08.2019)، چڕنووک-پڵنگ (16.06.2020)، چڕنووک-برووسک 23.04.2021)، چڕنووک-تریشقە (23.04.2021)، چڕنووک-قوفڵ (17.04.2022).

قسەکانی ئەردۆغان لەبارەی عێراق و ئۆپراسیۆنی سەربازی، دەنگدانەوەی لە میدیاکانی جیهانیش هەبوو، زۆربەی هەرە زۆریان وا لێکیان داوەتەوە کە تورکیا دەیەوێت وەک گورزی کۆتایی ئۆپراسیۆنێکی فراوان لە سنووری هەرێمی کوردستان لە دژی پەکەکە بەڕێوەببات. ئەگەرەکانی تایبەت بە ئۆپراسیۆنێکی نوێ زیاتر بەهێز بووە دوای ئەوەی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمه‌ریکایە و رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و یەپەگە سەرەکیترین تەوەری دانیشتنەکانی دەبێت.