نەتەوەیەکگرتووەکان: بارمتە ئیسرائیلییەکانی بندەستی حەماس دەستدرێژییان دەکرێتە سەر

بارمتە ئیسرائیلییەکان
بارمتە ئیسرائیلییەکان

K24 - هەولێر

نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بارمتە ئیسرائیلییەکانی بندەستی حەماس دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەریان.

پرامیلا پاتێن، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بارمتە ئیسرائیلییەکانی بندەستی حەماس مامەڵەی خراپییان لەگەڵ دەکرێت و دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەریان.

بە گوتەی ئەو، تا شەڕ بەردەوامبێت مەترسی زیاتری جەستەیی دەکەوێتە سەر ئەو بارمتانەی هێشتا لە بندەستی حەماسدا ماون.

پرامیلا گوتیشی: "بەڵگەی قەناعەتپێکەرمان هەیە کە بارمتە ئیسرائیلییەکان ئەشکەنجەدران و مامەڵەی خراپییان لەگەڵ کراوە، هەروەها دەستدرێژی سێکسیش کراوەتەسەریان". دەشڵێت، "پێمانوایە هێشتا بارمتە ئیسرائیلییەکانی بندەستی حەماس توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت".

ئەو نێردەیە راشیگەیاند، بەردەوامیدان بە شەڕ نەک نابێتە هۆی پاراستنی بارمتەکان، بەڵکو مەترسی زیاتریان رووبەڕوو دەکاتەوە. چارەنووسی خەڵکی غەززە و بارمتەکانیش یەک چارەنووسیە، پێویسە ئاگربەست بێتە کایەوە. هەندێک لە خێزانەکانی غەززە سەرجەم ئەندامەکانی لەناوچوون و کەسیان نەماوەتەوە.

رۆژی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند رۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومانکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکرد کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون.

Fly Erbil Advertisment