ترەمپ: تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دوژمنی خەڵکە

K24 - هەولێر
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاند، تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دوژمنی خەڵكە و پێویستە قەدەغە بکرێت.
دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا هێرش دەکاتە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە دیاری کراویش تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ترەمپ دەڵێت، فەیسبووک دوژمنی خەڵكە و پێویستە قەدەغە بکرێت و هەروەها بەرگری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک دەکات.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ کە سەرۆکی ئەمەریکا بوو بە بەردەوامی هێرشی کردووەتە سەر میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا جارێکی دیکە هێرش دەکاتە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە دژایەتی کردنیان ناوهستێت.
ترەمپ لە نوێترین چاوپێککەوتنی لەگەڵ کەناڵێ cnbc رایگەیاند، تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هاوشێوەی راگەیاندن دوژمنی خەڵکە.
لەبارەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک کە لەلایەن کۆمپانیایەکی چینییەوە خاوەندارییەتی دەکرێت، ترەمپ گوتی، خەڵكێکی زۆر ئارەزووی بەکارهێنانی تیک تۆکیان هەیە و ئەگەر قەدەغە بکرێت فەیسبووک گەورەتر دەبێت و ژمارەی بەکارهێنەرانی زیاتر دەبێت.
جەختیشی کردەوە ئەگەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی فەیسبووک قەدەغە بکرێن سوودێکی زۆریان دەبێت.
چەند رۆژێک لەمەوبەر لیژنەی وزە و بازرگانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەنگیدا بە پڕۆژەیاسای قەدەغەکردنی تیک تۆک لەو وڵاتە و ئەگەری لەلایەن کۆنگرێس پەسندبکرێت، سەرۆکی ئەمەریکا واژۆی دەکات و دەیکات بە یاسا.
هەروەها پێشتر کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بوو فەرمانی دەرکرد تیک تۆک قەدەغە بکرێت، بەڵام لەلایەن دادوەرە فیدڕاڵییەکان رێگری لێکرا و دواتر بڕیارەکە لەلایەن جۆو بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا هەڵوێشێندرایەوە.
لە 2021 بەهۆی هەڵکوتانە سەر کاپیتۆل هیڵ لەلایەن خۆپیشاندەران و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری ناڕاست لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، هەریەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فەیسبووک و ئێکس کە پێشتر ناسراوبوو بە تویتەر هەژماری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکایان بلۆک کرد، دواتر لە سەرەتای 2022 دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس هەژماری دروست کرد، دوای دوو ساڵ لە بلۆک کردنی لە 2023 توانی جارێکی دیکە تۆڕەکان بەکاربهێنێتەوە.