رۆیتەرز: دانوستانەکانی نێوان واشنتن و بەغدا لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان درێژە دەکێشێت

K24 - هەولێر

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆیتەرز گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و بەغدا سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق درێژە دەکێشێت تا دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی عێراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، "رەنگە دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە عێراق، تاوەکو دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەردەوام بێت".

لە مانگی کانوونی دووەم، واشنتن و بەغدا دەستیان بە دانوستانەکان کرد بۆ هەڵسەنگاندنی بوونی هاوپەیمانان لە عێراق.

جێگای باسە هێزی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014 بۆ شەڕی داعش پێکهێنرا، دوای ئەوەی ناوچە بەرفراوانەکانی عێراق و سووریای لە لایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرابوو

لەرۆژی هەینی (16ـی شوباتی 2024) لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە.

لەدیدارەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق کرد، هەروەها لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان سوودانی جەختی لە بەردەوامی گفتوگۆکان لە رێگەی لێژنەی باڵای هاوبەشەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق کردەوە.

ئەمەش دوای کۆمەڵێک هێرشی درۆنی دێت لە لایەن گروپە چەکدارەکانی عێراق هێرشیان دەکردە سەر ئەمەریکییەکان، هەروەها ئەومەریکییەکانیش بۆردومانی گرووپە چەکدارەکانی دەکرد، کە چەند سەرکردەیەکی میلیشیاکان لەو هێرشانەدا کوژراون.

 

Fly Erbil Advertisment