پۆلیسی هەولێر دوو کەس بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیردەکات

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دوو تۆمەتبار دەستگیر دەکات کە ماوەیەک لەمەوبەر لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو فێڵ و کاری تەڕدەستیان کردووە و پارەیان لە کاسبکاران بردووە، ئەو دوو تۆمەتبارە چەندین سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە و، چەندین تاوانی دزییان ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە (12ـی ئاداری 2024) لە بەدواداچوونێکی ئالان زەندی، راگەیاندنکار لە کوردستان24 لە پۆلیسی هەولێری گواستووەتەوە، دوو کەس لە بازاڕی دراوی شاری هەولێر بە تۆمەتی فێڵکردن، کاری تەڕدەستی و بردنی پارەی کاسبکاران لەلایەن پۆلیسی پارێزگاری هەولێرەوە دەستگیرکران.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەودا، دوو تۆمەتبارەکە بە رەگەز عەرەبن و خەڵکی وڵاتی سووریان، ماوەی چەند ساڵێکە هاتوونەتە شاری هەولێر. هاوکات یەکێک لە تۆمەتباران لە وڵاتێک خولی کاری تەڕدەستی بینیوە و راهێنانی کردووە و هاتووەتەوە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 10 حاڵەتی دزی و هەڵخەڵەتاندن کە تۆمارکراوە لە کامێرە چاودێرییەکان ئەنجامداوە.
باس لەوەشکراوە، ئەو تۆمەتبارەی کە خولی تەڕدەستی بینیبوو زیاتر لە حەوت سکاڵای لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەسەر تۆمارکراوە.
پۆلیسی هەولێر ئەوەشی ئاشکراکردووە، تۆمەتبارەکەی دیکە پێشینەی تاوانی هەبووە و سێ جار دەستگیرکراوە، بەڵام کاتێک ئازادکراوە دووبارە دەستی بە کاری دزیکرن و فێڵکردن لە هاووڵاتییان کردووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، رایدەگەیەنێت، پێویستە هاووڵاتییان، دووکانداران و کاسبکاران، بە تایبەت ئەوانەی کاری ئاڵوگۆيی دراو دەکەن، هۆشیاربن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە و لە ئەگەری روودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو بە زووترین کات ئاگاداریان بکەنەوە.