جه‌سته‌ی رۆژووه‌وان له ره‌مه‌زاندا به چه‌ند قۆناغێك له ژه‌هر پاك ده‌بێته‌وه

K24 – هەولێر:
یەکێک لەو سوودە تەندروستییە دیارانەی کە باس لە رۆژووگرتنی مانگی رەمەزان دەکرێت ئەوەیە، کە رۆژوو یارمەتی جه‌سته دەدات بۆ رزگاربوون له ژەهر.
لەم دواییانەدا کێشە تەندروستییەکان زیادیان کردووە، بەشێکی زۆریان لە ریخۆڵەکانەوە دەست پێ دەکەن، ئەمەش بەهۆی خواردنی خۆراکە پیسبووەکانەوە رووده‌دات و دەبێتە هۆی تێكچوونی کۆئەندامی هەرس و خراپی هەرسکردن، و لە ئەنجامدا کێشەی تەندروستی دروست دەبێت.
له‌و باره‌یه‌وه توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌ریخستووه، بەڕۆژووبوون زۆر یارمەتیدەرە بۆ پرۆسەی رزگارکردنی جەستە لە ژەهر، لە رێگەی پرۆسەی بایۆلۆژییەوە کە وردە وردە لە یەکەم رۆژی بەڕۆژووبوونەوە دەست پێ دەکات.
توێژینه‌وه‌كه ئەو رۆڵە بایۆلۆژییه روون دەکاتەوە کە رۆژوو دەیگێڕێت لە رزگارکردنی جەستە لە ژەهرەکان لە رێگەی قۆناغەکانەوە کە لە رۆژی یەکەمی مانگی ره‌مه‌زانه‌وه دەست پێ دەکات و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه روونیكردووه‌ته‌وه.
رۆژانی یه‌كه‌م و دووه‌می مانگی ره‌مه‌زان
لە یەکەم رۆژی بەڕۆژووبووندا شەکری خوێن و پەستانی خوێن دادەبەزێت، هەروەها گلایکۆجین لە ماسولکەکانەوە رادەکێشرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی هەندێک لاوازی، هەروەها دەبێتە هۆی سکچوون و سەرئێشە و سەرگێژخواردن، هەروەها ئازاری برسێتی لەم ماوەیەدا زۆر توند دەبێت.
رۆژانی سێیه‌م تاكو حه‌وته‌م
لە رۆژی سێیەمدا جەستە دەست دەکات بە راهاتن له‌سه‌ر رۆژووگرتن و کۆئەندامی هەرس ئەو پشووە بەدەست دەهێنێت کە پێویستی پێیەتی، بۆیە وزەکانی لەش بەرەو پاککردنەوەی جەستە لە ژەهرەکان و چاکبوونەوە دەچن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی چالاکیی سیستەمی بەرگری لەش.
لەم قۆناغەدا چەوری لەش دەگۆڕێت بۆ گلوکۆز و بۆ وزه، زەیتی رەنزیش دەست دەکات بە دەرچوون لە جه‌سته، بەمەش پێست بۆ ماوەی چەند رۆژێک وشك دەمێنێتەوە، ئەمەش بەشێکی ئاساییە لە پرۆسەی پاککردنەوەدا.
رۆژانی هه‌شت تاكو پازده
دوای یەک هەفتە لە رۆژووگرتن لەوانەیە برین و برینە کۆنەکان ئازاریان بۆ دروست دەبێت، چونکە رەنگە شانە کۆنەکانی پەڵە كۆنه‌كان چانسی چاکبوونەوەیان نەبووبێت. بەڵام لە کاتی بەڕۆژووبووندا پرۆسەی چاکبوونەوەی جه‌سته بەرز دەبێتەوە بەجۆرێک کە برینە کۆنەکان و ئه‌و شوێنانه‌ی هه‌ویان كردووه، هەوڵی چاکبوونەوە دەدەن لە نه‌بوونی ژەهری زیادە. ماسولکەکانی قاچ بەتایبەتی دەتوانن کاریگەری لەسەر دروست بکەن، چونکە ژەهرەکان بە گشتی لە قاچەکاندا کۆدەبنەوە و سەرەڕای پرۆسەی پاککردنەوەی جەستە لە ئازار و ژەهرەکان، رەنگە تێبینی ئەوە بکه‌یت کە وزەی زیاترت هەیە و بە باشی هەڵدەمژرێت.
رۆژانی شازده بۆ سی
له‌و ماوه‌یه‌دا جه‌سته زۆر خۆی لەگەڵ رۆژوو دەگونجێنێت و دەزانێت چۆن لە ماوەیەکی کورت‌دا لە ژەهرەکان رزگاری دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی وزە لە جەستەدا و زیادبوونی توانای عه‌قڵ و ژیری.
تا هەفتەی سێیەم پرۆسەی چاکبوونەوەی ئەندامەکان تەواو دەبێت، دوای بیست رۆژیش کاریگەری ئەرێنی لەسەر عه‌قڵ دەبێت، لە ئەنجامدا روونییەکی زیاتری دەروونی و هاوسەنگی سۆزداری باشتر بەدەست دێت، هەروەها ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی یادەوەری و تەرکیز.