حوسییەکان مووشەکێکی خێراتر لە دەنگ تاقی دەکەنەوە

K24 – هەولێر

چەکدارە حوسییەکانی یەمەن مووشکێکی خێراتر لە دەنگیان تاقیکردووەتەوەو بەنیازن مووشەکەکە لە هێرشی سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بەکاری بهێنن.

ئاژانسێکی رووسی لە زاری سەرچاوەیەکی چەکدارانی حوسییەکانی یەمەن بڵاویکردووەتەوە، چەکدارە حوسییەکان نیازیانوایە ئەو مووشەکە لە هێرشەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن لە دژی ئامانجەکانی ئیسرائیل بەکاری بهێنن.

سەرچاوەکە ئاماژەیداوە، هێزەکانی حوسیی دوای سێ مانگ لە هەوڵ و تاقیکردنەوە توانیویانە پەرە بە خێرایی و کاریگەرییەکانی درۆن و مووشەکەکانیان بدەن، ئەو مووشەک تازەشی کە تاقیکراوەتەوە بە سووتەمەنی رەق کار دەکات و خێراییەکەی نزیکەی 10 هەزار کیلۆمەترە لە هەر کاتژمێرێکدا.

چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە وەک پشتیوانییەک لە چەکدارانی حەماس هێرشە مووشەکیی و درۆنییەکانیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان چڕکردەوە و رایانگەیاندووە، تاوەکوو هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوام بێت، ئەوانیش لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور بەردەوام دەبێت.

هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ پارێزگاری لە جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن لە 11ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە لە چەندین جار هێرشیانکردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی حوسییەکان لە یەمەن و رایانگەیاندووە، هێرشی حوسییەکان بووەتە هەڕەشەیەک لە ئازادی بازرگانی جیهانی.

Fly Erbil Advertisment