گوهدار شێخۆ: رێژەی سەوزایی لە زاخۆ دەگەینینە ئاستی ستاندەردی جیهانی
K24 - هەولێر
هەڵمەتێکی نەمام چاندن لە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەڕێوەچوو. گوهدار شێخۆ دەڵێت، "هەڵمەتی نەمام چاندن بەردەوام دەبێت و رێژەی سەوزایی دەگەینینە ئاستی ستاندەردی جیهانی".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-03-2024، لەژێر چاودێریی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هەڵمەتێکی نەمام چاندن بە مەبەستی زیادکردنی رێژەی سەوزایی لەو سنوورە بەڕێوەچوو.
گوهدار شێخۆ، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ماوەی دوو ساڵە گرنگییەکی زۆر دەدەینە ژینگە، زیادکردنی رێژەی سەوزایی و نەمام چاندن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ".
وەکو ئەوەی گوهدار شێخۆ باسی کرد، "ئەم هەڵمەتەی نەمام چاندن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردەوام دەبێت. پێشتریش هەڵمەتێکمان راگەیاند بۆ چاندنی زیاتر لە یەک ملیۆن نەمام و پڕۆسەکە بەردەوامە".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، "ئێمە ناوەستین تا رێژەی سەوزایی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەگەیەنینە ئاستی ستاندەردی جیهانی".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ داوا لە خەڵکی زاخۆ و دەوروبەری دەکات "گرنگی بە ژینگە بدەن و هاوکاربن لەگەڵمان بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە سنووری ئیدارەکەمان".