لیستی میللەتی تورکمان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد

لیستی میللەتی تورکمان
لیستی میللەتی تورکمان

K24 – هەولێر

سەرۆکی لیستی میللەتی تورکمان رایگەیاند، پاش بریاری دادگای فیدراڵی کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کورسییەکانی کۆتای پێکهاتەکان، ئێمە وەک لیستی میللەت بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئاداری 2024، ئازاد کورەچی، سەرۆکی لیستی میللەت لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئێمە وەک لیستی میللەت لە هەڵبژاردنی 2018ـی پەرلەمانی کوردستان کورسییەکمان بەدەست هێنا لە کورسییەکانی کۆتای پەرلەمانی کوردستان، پاش بریاری دادگای فیدراڵی کە کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسی کەم کرایە بۆ 100 کورسی، بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کورسییەکانی کۆتای کە بۆ پێکهاتەی تورکمان، کلدان ئاسوور و ئەرمەن دابین کرابوو. ئێمە وەک لیستی میللەت بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین.

بەگوتەی ئازاد کورەچی: "لیستی میللەت بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات، هەتا کورسییەکانی کۆتای پێکهاتەکان دەگەرێتەوە، چونکە کورسی کۆتاکان مافێکی سیاسی بوو بۆ پێکهاتەکان کە لە پەرلەمانی کوردستان کاتی خۆی بریاری لەسەر درابوو".

سەرۆکی لیستی میللەت راشیگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی کورسییەکانی کۆتا لە پەرژەوەندی پێکهاتەکان نییە، بەڵکو لە دژی پێکهاتەکانە. چونکە کورسییەکانی کۆتا لەم قۆناغەدا بۆ پێکهاتەکان پێویستە، پێکهاتەکان ئێستا کە لە بارێکی تەندروست نین. داواکارین لە هەموو حزبە سیاسی کوردستانییەکان، داکۆکی لە گەرانەوەی  کورسییەکانی کۆتا بکەن و هەڵوێستێکی مێژوویانەیان هەبێت هەتا ئەو پێکەوە ژیانە لە کوردستان هەیە ناشرین نەکرێ.

رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدڕالی، دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.

هەروەها دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم کرایەوە.

رۆژی هەینی (23ـی شوباتی 2024) کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، ناکرێت بگوترێت نوێنەری پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان نین، هەروەها پێکهاتەکان بوونەتە قوربانی ململانێی سیاسی نێوان لایەنە کوردییەکان.

دوابەدوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عێراق، رۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد کە رۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوەدەچێت.

لەوبارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەبوەکردووە، به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى فەرمانەکە،‌ کە لە رۆژى ده‌رچوونييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

Fly Erbil Advertisment