دەستەی دەستپاکی: نزیکەی 230 کەیسی گەندەڵی رەوانەی دادگاکان کراون

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو ستراتیژییەی بۆ رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی دامانناوە، دوێنێ یەکەم راپۆرتی دەرچوو.

دادوەر ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو ستراتیژییەی بۆ رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی دامانناوە، دوێنێ یەکەم راپۆرتی دەرچووە، کە بەهاوکاری هەموودامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2022 و 2023 کارمان لەسەر کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەدا 62ـی ئەو ئامانجانەی لە ستراتیژییەکەدا دیاری کرابوو، جێبەجێکراوە، دەشڵێت: ئەو راپۆرتەی دوێنێ خرایە روو جێگای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران بووە، بەسەرۆکوەزیران و وەزیرەکان، ئەوەش مانای ئەوەیە ئێمە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژییەکە دەکەین.

دادوەر ئەحمەد راشیگەیاند، ئەو ستراتیژییەی کە دانراوە بە پێوەری نێودەوڵەتیی بووە، رەچاوی بەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی کراوە، هەروەها بەپێی زانیاریەکانم عێراق سێ ستراتیژییان پەسەند کردووە، یەک لەو ستراتیژییانە نەچووەتە بواری جێبەجێکردن، بۆیە ئەو راپۆرتەی لەهەرێمی کوردستان دەرچووە دەبێتە یەکەم راپۆرت لەسەر ئاستی عێراق کە هەنگاوی کرداری نرابێت.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتیشی: دوو ساڵ بەر لەئێستا بڕیاردرا دادگای تایبەت دژی گەندەڵی لە هەولێر دابمەزرێت بەڵام دواتر بڕیارەکە گۆڕدرا بە تەرخانکردنی دادگایەک لەسەر هەرچوار دەسەڵاتی تێهەڵچوونەوەکان  لە هەرێمی کوردستان "هەولێر و دهۆک و سلێمانی و گەرمیان"، بۆیە پێمان باشە و ئامانجمان ئەوەیە دادگایەکی تایبەت بۆ کەیسەکانی گەندەڵی هەبێت، چونکە دەبێت کەیسەکانی گەندەڵی زوویەکلایی بکرێتەوە.

باسی لەوەشکرد، لەگەندەڵی ترسناکتر، کەلتوری گەندەڵییە، کەلتوری گەندەڵی ئەوەیە کە خەڵک دەستکاریکردنی موڵکی گشتی بەتاوان نەزانێت، بۆیە بەرنامەمان هەیە خەڵک هۆشیار بکەینەوە هەروەک لە رابردووش کردومانە لەرێگەی مامۆستایانی ئاینی و کۆلێژ و زانکۆکان.

دادوەر ئەنوەر دەشڵێت:  خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە حکومەت چاودێری توندی هەبێت، بۆیە لەکاتی هەڵسەنگاندنی وەزارەتەکان یەکێک لەخاڵەکان چاودێری ناوخۆی خۆیانە. هەروەها پار نزیکەی 230 کەیسی گەندەڵی رەوانەی دادگاکان کراون.

Fly Erbil Advertisment