ساڵی رابردوو 100 هەزار کەس بەهۆی ماددەی هۆشبەر لە ئەمەریکا گیانیان لهدهستداوه
K24 – هەولێر:
تا دێت هەڕەشەی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر ئاسایشی جیهان زیاتر دەکات و رێژەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئەمەریکا و ئەوروپا روو لە زیادبوونە.
بە گوێرەی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا، تەنیا ساڵی 2023 زیاتر لە 100 هەزار کەس بەهۆی ماددەی هۆشبەر مردوون. هەڕەشەی ماددە هۆشبەرەکانیش بە مەترسیدارتر لە هەڕەشەی تیرۆر دادەنێت.
كۆمیسیاری یەكێتی ئەوروپاش بۆ كاروباری ناوخۆ رایدەگەیێنێت، ئاڵوودەبوون و مردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئەوروپا زیادیکردووە.
بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی جیهان و وەک هۆکاری سەرەی بۆ تێکچوونی ژیانی کۆمەڵگە دادەندرێن.
وەزارەتی ئاسایشی ناوەخۆی ئەمەریکا لە راپۆرتی ساڵانە بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڕەشەکانی سەر ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەدات، ساڵی پار زیاتر لە 100 هەزار کەس بەهۆی بەکارهێنانی دەرزی ماددەی هۆشبەر گیانیان لەدەست داوە.
هۆشداریش دەدات، ماددە هۆشبەرە نایاساییەکان لە 2024 گەورەتین هەڕەشە دەبن بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا> بەجۆرێک لە هەڕەشەی تیرۆر مەتریسیدارترن
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر زیاتر ئەمەریکی بەهۆی ماددە هۆشبەرەکان، بە بەراورد لەگەڵ کردەوە تیرۆریستییەکان دەمرن. هەندێک راپۆرتیش ئاماژە بەوە دەدەن، رۆژانە لە ئەمەریکا زیاتر لە 300 کەس بەهۆی مادددەی هۆشبەرەوە دەمرن.
لە ئەوروپاش بەهەمان شێوە، یۆرۆپۆڵ و سەنتەری چاودێری ماددە هۆشبەرەکان لە یەکێتی ئەوروپا راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، داهاتی بازاڕی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەوروپا ساڵانە بە زیاتر لە 30 ملیار یۆرۆ دەخەمڵندرێت.
راپۆرتەکە ئەوەش رووندەکاتەوە، بەهۆی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان تاوانەکانی کوشتن، رفاندن، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی لە ئەوروپا زیادیانکردووە.
یۆرۆپۆڵ و سەنتەری چاودێری ماددە هۆشبەرەکان لە یەکێتی ئەوروپا ئەوەش دەخاتەڕوو، گەندەڵی و خراپی لە بەڕێوەبردندا رێگەخۆشکەرن بۆ زیادبوونی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.
كۆمیسیاری یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری ناوخۆ نایشارێتەوە، ئالوودەبوون و مردن بە ماددە هۆشبەرەکان زیادیکردووە.