کۆبوونەوەی ئەمنی عێراق و تورکیا لە بەغدا بەڕێوەچوو

فوئاد حوسێن و هاکان فیدان
فوئاد حوسێن و هاکان فیدان

K24 – هەولێر:

شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گەیشتنە بەغدا و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازییان لێکرا و کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنییان ئەنجامدا.

شاندی تورکیا لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا و مونیر کارالئۆغڵو، جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا پێکهاتووە.

شاندی عێراقیش بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، سابت عەباسی، وەزیری بەرگری عێراق، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی پێکهاتبوون.

هەرچەندە لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەکەوە هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا تەنیا ئاماژەی بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات کردووە کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەخۆی گرتووە.

پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند؛ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانەوە یەکێکە لە تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی عێراق و تورکیا. ئاماژەی بەوەشکرد؛ تورکیا هەموو ئامادەکارییەکی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن کردووە و ئەوەی رێگرە لە دەستپێکردنەوە حکومەتی عێراقە.

رۆژی چوارشەممە (14ـی ئاداری 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا جەختیکردەوە؛ هیچ کێشە و ئاستەنگێکی تەکنیکی لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا نەماوە و ئەوەی رێگرە تەنیا پرسە سیاسییەکانن.

سەردانی ئەو شاندە باڵایەی تورکیا بۆ بەغدا، دوای ئەوە دێت کە رۆژی (26ـی شوباتی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە کۆتایی ئاداری ئەمساڵ سەردانی عێراق دەکات و وابڕیارە چەند دۆسیەیەکی سەرەکی و هاوبەش لەگەڵ عێراق لە ئەجێندای کۆبوونەوەکانی بێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، لەوانەش دۆسیەکانی ئاو، پەکەکە، بازرگانی، نەوت و رێگەی گەشەپێدان.

هەروەها رۆژی (12ـی ئاداری 2024) ئەحمەد یڵدز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کە بە سەردانێک لە بەغدا بوو رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەر لە کۆتاییهاتنی مانگی نیسان، سەردانی عێراق دەکات.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێڕاق بە کوردستان24ـی راگەیاند، شاندە باڵاکەی تورکیا لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێڕاق باس لە سێ ئامانجی سەرەکی سەردانەکەیان دەکەن کە پرسی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگای بەندەری جەیهان و تۆکمەکردنی سنورەکانی عێراق و تورکیا بۆ رێگری کردن لە جموجۆڵەکانی پەکەکە و هەروەها ئامادەکاری بۆ سەردانی کردنی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هەولێر و بەغدا له داهاتویەکی نزیکدا .

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەریەکە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە چەند رۆژی رابردوو لە ئەمەریکا بوون و ئاژانسە هەواڵییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە تورکیا هەوڵی ئەوە دەدات کە ئەمەریکا رازی بکات هیچ رێگری و کاردانەوەیەکی نەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەی هاوینی ئەمساڵ و هاوکات باس لەوەش دەکرێت، تورکیا نیازی ئەوەی هەیە کە ئۆپراسیۆنەکە تەنیا لە سنووری هەرێمی کوردستان و عێراقدا بێت و بەمەش ئەمەریکا تەنیا تێبینی لەسەر رۆژئاوای کوردستان هەیە.

پێشتریش لە رۆژی (5ـی ئاداری 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا لەرێگەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە بازنەی ئەمنی لە عێراق تەواو دەکەن، ئەم قسەیە لە میدیاکانی جیهان وەک ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنێکی دیکە لە دژی پەکەکە لێکدانەوەی بۆکرا، هاوکات هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیش نزیک بووەتەوە و ئۆپۆزیسیۆن دەسەڵات بەوە تۆمەتبار دەکات، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەر هەڵبژاردنێک، دەسەڵات باسی ئۆپراسیۆنی سەربازی دەکات.

هاوکات رۆژی (12ـی ئاداری 2024) یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی حورییەت ئاماژەی بە ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی سوپای تورکیا بۆ سنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا و رایگەیاند، هاوینی ئەمساڵ کێشەی پەکەکە لەسنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەن.

Fly Erbil Advertisment