رووسیا كاروانێكی دیكەی ھاوكاریی سەربازی دەگەیەنێتە پێشمەرگە

K24- ھەولێر
رووسیا کاروانێکی دیکەی ھاوکاریی سەربازی دەگەیەنێت ھێزی پێشمەرگە، بۆ سوود لێوەرگرتنیان لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ.
ئاسۆ تاڵەبانی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە رووسیا، لە ئاژانسی دەنگوباسی رووسی ئینتەرفاکسی راگەیاندووە کە مۆسکۆ ملیۆنێک فیشەکی رەوانەی ھەرێمی کوردستان کردووە، وەکو ھاوکاریی رووسیا بۆ ھێزی پێشمەرگە لە خۆئامادەکردنیان بۆ ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ لەدەست چەکدارانی داعش.
نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە رووسیا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئەو کاروانە نوێیە، لەکۆتایی مانگی رابردوو گەیشتووەتە دەست ھێزی پێشمەرگە، بەمەبەستی بەکارھێنانیان لە شەڕی مووسڵ کە لەناوەڕاستی ساڵی 2014وە لەدەست چەکدارانی داعشە.
ئاسۆ تاڵەبانی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە زۆربەی فیشەکەکان، فیشەکی کڵاشینکۆڤن.