ئاوات شێخ جەناب: داوای 949 ملیار دینارمان له بەغدا كردبوو، بەڵام 560 ملیار دیناریان ناردووه

K24 – هەولێر:
وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشکرایکرد، داوای ناردنی 949 ملیار دیناریان له حكومه‌تی فیدراڵ كردبوو، به‌ڵام ئەوان ته‌نیا بڕی 560 ملیار دیناریان ناردووه و، كورتهێنانه‌كه 374 ملیار دیناره، كه لە توانای داهاتی ناوخۆدا نییه پڕی بكاته‌وه.
ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به میدیای حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه، له كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران باسی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی كرا تایبه‌ت به مووچه، "داوامانكردووه به‌غدا 949 ملیار دینار بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بنێرێت، به‌ڵام به‌غدا ته‌نیا 560 ملیار دیناری ناردووه و هێشتاش ئه‌و بڕه راده‌ستی ئێمه نه‌كراوه، و كه‌سیش له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دژایه‌تی دابه‌شكردنی مووچه‌ی نه‌كردووه".
وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختیش كرده‌وه كه ته‌واوی لیستی مووچەیان به‌رێكوپێكی بۆ بەغدا ناردووه و به‌ڵام بڕی پێویستی پاره‌یان بۆ نه‌نێردراوه، گوتیشی: "بەم دابه‌شكارییه‌ی به‌غدا كردوویه‌تی ده‌یانه‌وێت دووبه‌ره‌كی دروست بكه‌ن و مامه‌ڵه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری فیدراڵ جیاوازه و پێچه‌وانه‌ی بڕیاره‌كانه".
ئاوات شێخ جه‌ناب، باسی لەوەکرد، هه‌وڵه‌كان چڕكراونه‌ته‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه له‌م چه‌ند رۆژه‌دا و ئه‌وان وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ پاساوێكیان نه‌هێشتووه‌ته‌وه، به‌ڵام بەغدا داوای لیستی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ن، له كاتێكدا وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ خۆی لیستی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراقی لەلا نییه.