کەریم کاوە: پێویستە حکومەتی عێراق قەرەبووی خەڵکی هەڵەبجە بکاتەوە

کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدانی سۆران دەڵێت: ئەوەی بەرانبەر بە هەڵەبجە کراوە تاوانێکی گەورەیە، هەروەها تاوەکو ئێستا لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە پێشێلکاری بەرانبەر بە مافەکانی گەلی کورد دەکرێت.

کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، دەبوو حکومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی هەڵەبجە بکاتەوە، هەروەها پێویست بوو داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە رژێمی پیشوو ئەنجامیداوە.

بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی بەرامبەر بە گەلانی ئەوروپا لەسەر دەستی نازییەکان ئەنجامدراون ناگات بەو شێوازانەی کە رژێمی پێشووی عێراق بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامیداوە، ئەوەی بەرامبەر بە کورد کراوە زۆر لەوە بە ئازارترە کە بەرانبەر بە جوولەکە کراوە.

کەریم کاوە، دەڵێت: دەسەڵادارانی عێراق لە ئێستادا درێژەپێدەری هەمان بیر و دید خودی رژێمی سەدام حوسێنن کە هەیبووە بەرانبەر بە گەلی کورد، هەروەها پیشێلکارییەکی زۆر بەرامنبەر بە مافەکانی گەلی کورد هەیە.

بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتیشی: بەغدا سیاسەتی برسیکردن بەرانبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات.

(16ـی ئاداری 1988) رژێمی بەعس کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد و لە ئەنجامدا پێنج هەزار هاووڵاتی کوردی نیشتەجێی شارەکەی شەهید کرد و سەدان کەسی دیکەش بەهۆی کاریگەری چەکی کیمیاوییەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی کێشەی تەندروستی و ئازاری جەستەییەوە دەناڵێنن.

Fly Erbil Advertisment