کامەران مستەفا: هەڵەبجەییەکان داوای یەکڕیزی لە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، خەڵکی هەڵەبجە داوای یەکڕیزی لە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە، 16ـی ئاداری 2024، کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە دەستپێکی مەراسیمی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، هەڵەبجەییەکان داوای یەکڕیزیی لە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە خەڵکی هەڵەبجە و کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە لە هەموو کەس زیاتر لە خەمی لایەنەکاندان، یەکڕیزی و تەبایی خەڵکی کورد و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانن.
بەگوتەی ئەو "ئومێد دەکەم سیاسییەکان و حکوومەتی هەرێم و دەسەڵاتی کوردستان کە ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک خەڵکی هەڵەبجە پێویستییان بەوەیە، مەرگە ساتی هەڵەبجە نیشانی جیهان و حکوومەتی عێراقی بدەن، وەکو چەکێک باس لە تێکۆشانی خەڵکی کوردستان و هەڵەبجە بکەن. ئەوانیش لەئەمڕۆوە زیاتر هەڵەبجەیان بیر بکەوێتەوە. هەڵەبجە بەدەرکەن لە هەندێک کێشەی ئیداری و سیاسی، هەڵەبجە لە کێشە سیاسییەکان بکەنە دەرەوە".
کامەران مستەفا دەشڵێت: "پەیامی ئەمڕۆی ئێمە هەڵەبجەییەکان، قوربانیدەری چەندان ساڵە و دەیان جار شەهید، ئەوەیە گەلی کورد لەوە زیاتر لێکترازانی لەنێوانیاندا دروست نەبێت، یەک دەست بن، بەیەک گوتاری سیاسی گرفتەکانی گەلی کوردستان چارە بکەن".
رۆژی 16ی ئاداری 1988، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ناوەندی شاری ھەڵەبجەو دەوروبەری شارەکەیان بە چەند گازێکی کیمیایی بۆمباران کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و زیاتر لە 10 هەزار ھاووڵاتیی دیکەیش برینداربوون، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکیان بەدەست ئازارەکانییانەوە دەناڵێنن.
بەگوێرەی ئامارەکان %68ی قوربانییەکان تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵەوە بووە، لە دوای کیمیابارانکردنە لە کۆی 216 گوند 198 گوندیان بە تەواوی وێرانکران، سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشتی ناوچەکە بە رێژەی %100 زیانی پێگەیشت.
هەروەها بەهۆی کۆڕەوی هاووڵاتییان بۆ رزگاربوون لەو گازە کوشندەیە و رووکردنە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 211 منداڵی 74 خێزان ونبوون، کە ژمارەیەکی کەمیان بە خێزانەکانیان شادبوونەتەوە.