مەندەلاوی: ئامادەی دەرکردنی هەر یاسایەکین بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

K24 - هەولێر
موحسن مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کە هاوکات بە وەکالەت سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە لە پەیامێکدا، جەخت لە پابەندبوونی پەرلەمانی عێراق دەکاتەوە بۆ دەرکردنی هەر یاسایەک لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی بۆ خانەوادەی قوربانیان.
مەندەلاوی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: بەو پەڕی خەم و پەژارەوە یادی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە کە رژێمی بەعسی دیکتاتۆر چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی لە دژی دانیشتوانی شاری هەڵەبجە بەکار هێنا و بە هۆیەوە هەزاران کەس شەهید بوون، کە زۆرینەیان منداڵ بوون.
هەروەها ئاماژەی داوە، ئەو کارەساتە بەڵگەیەکی زیندووی دڕندەیی رژێمی دیکتاتۆرە و پێشێلکارییەکی زەقی بەها مرۆییەکانیش بوو.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەخت لە سەر پابەندبوونی پەرلەمان دەکاتەوە بۆ دەرکردنی هەر یاسا و بڕیارێک لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی بۆ خانەوادەی قوربانیان هاوکات لەگەڵ بە سزاگەیاندنی ئەو کەسانەی دەستیان بە خوێنی هاووڵاتییانی عێراق سوور بووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (13ـى ئادارى 2014) بڕیاری بەپارێزگا بوونی هەڵەبجەی دەکرد و لە ساڵی 2015ـەوە ئەو دۆسیەیە چووەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەوکات نووری مالیکی، سەرۆکوەزیران بوو، بەڵام ئەو پرۆژەیاسایە مایەوە و ساڵی رابردوو لە لایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دەنگدان و پەسەندکردن پرۆژەکە رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا.
تا وەکوو ئێستا چەند جارێک بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کراوەتەوە تەوەری کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق، بەڵام هەر جارە و بە بیانووێک نەخراوەتە دەنگدان و دواخراوە، دواجار لە کۆبوونەوەی رۆژی (18ـی ئەیلوولی 2023) پرۆسەی دەنگدان لە سەر پرۆژە یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.