ترەمپ: ئەگەر هەڵنەبژێردرێمەوە ئەمەریکا دەبێتە گۆمی خوێن

دۆناڵد ترەمپ لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ڤاندالیا - ئۆهایۆ / وێنە AFP
دۆناڵد ترەمپ لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ڤاندالیا - ئۆهایۆ / وێنە AFP

K24 – هەولێر

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، هۆشداری دەدات ئەگەر بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەڵنەبژێردرێتەوە، ئەوا ئەمەریکا دەبێتە گۆمی خوێن.

دۆناڵد ترەمپ لە قسەکانیدا پەیامێکی ئاراستە گەلی چین کرد و گووتی: با شتێک بە چینییەکان بڵێم، ئەگەر ئێوە گوێ لەسەرۆکەکەتان دەگرن ئەو تێدەگات من چۆن مامەڵە دەکەم. ئێوە دەتانەوێت کارگەی گەورەی دروستکردنی ئۆتۆمبێل دابمەزرێنن، کار بە ئەمەریکییەکان نەدەن و دواتریش ئۆتۆمبێلمان پێبفرۆشن، منیش 100% باج دەخەمە سەر هەر ئۆتۆمبێلێک لە سنوورەکانمانەوە بێت تا نەتوانن بیفرۆشن. ئەم قسانەم بۆ ئەو کاتەیە بە سەرۆکی ئەمەریکا هەڵدەبژێردرێمەوە، بەڵام ئەگەر هەڵنەبژێدردرام ئەوا ئەمەریکا دەبێتە گومێکی پڕ خوێن.

گوتیشی: ئەگەر من نەیبەمەوە، پێموانییە جارێکی دیکە هەڵبژاردن لە ئەمەریکا بکرێت، یاخود لانیکەم هەڵبژاردنێک ناکرێت کە مانای هەبێت.

هەروەها لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیەل) بەڵێنێکی بڵاو کردووەتەوە، یەکەم کاری لە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا ئازاد کردنی تەواوی لایەنگرەکانی دەبێت، کە بەهۆی هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ (بارەگای سەرەکیی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا) لە (6ی کانوونی دووەمی 2021) دەستگیرکرابوون.

بە گوێرەی دوایین ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دادی ئەمەریکا، لە دۆسیەی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندیدار بە هەڵکوتانە سەر باڵەخاکەی کاپیتۆڵ لە ماوەی 38 مانگی دوای ڕووداوەکان، زیاتر لە 1358 کەس تۆمتەبار کراون.

Fly Erbil Advertisment