لە 10 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 589 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان کوژراون

ژمارەیەک کۆڵبەری رۆژهەڵاتی کوردستان
ژمارەیەک کۆڵبەری رۆژهەڵاتی کوردستان

K24 - هەولێر

لە 10 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 589 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون. هۆی زۆربوونی ڕێژەی کۆڵبەریی لە خۆرهەڵاتی کوردستان بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و هەژاری دەگەڕێندرێتەوە.

 بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، هەژاری، نرخی کاڵا، پێداویستییە خۆراکییەکان و بەم دواییانەش دابەزینی بەهای تمەن بەهۆی ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئێران کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کاندیدە توندڕەوەکان سەرکەوتنی پەرلەمانیان بەدەست هێنا، ژمارە و ڕێژەی کۆڵبەرانی لە ناوچە سنوورییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان زیاتر کردووە.

تەنیا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی 20 کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزەکانی سوپای پاسداران بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکە بریندار بوون.

ڕێکخراوی هەنگاو ئاشكرای دەکات، تەنیا لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 41 کۆڵبەر و کاسبکار لە ناوچە سنوورییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لەگەڵ باشووری کوردستان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانیان لەدەستداوە و 292ی دیکە بریندار کراون.

بەگوێرەی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ (کوردپا)،  ساڵی 2023 کە بە سالێکی خوێناوی دادەنرێت بۆ کۆڵبەران، پتر لە 341 کۆڵبەر لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران کوژران و بریندارکراون کە 22ـیان  تەمەنیان خوارووی 18 ساڵان بووە.

هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ (کوردپا) لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا لانیکەم 589 کۆڵبەر کوژراون و هەزار و 617 کۆڵبەری دیکە بریندارکراون.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، 87%ـی کۆڵبەران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانیان لەدەستداوە یان بریندارکراون. هەروەها سەدا چواری کۆڵبەران لە ئەنجامی لێدان و توندوتیژی هێزەکانی ئەو هێزانە بریندارکراون.

گیان لەدەستدان و برینداربوونی کۆڵبەران بە هۆی هەڵدێرانیان و تەقینەوەی مین، بە ڕێژەی سەدا 3.5 و 1.5 لە پلەی سێهەم و چوارەم دێت.

ناوچە سنوورییەکانی بانە لە پارێزگای سنە بە 49% زۆرترین قوربانیانی کۆڵبەریی لەخۆدەگرێت. ناوچە سنورییەکانی نەوسوود لە پارێزگای کرماشان بە 32% لە قوربانییانی کۆڵبەری، پلەی دووەمی گرتووە.

قوباد کەرەمپوور، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای پارێزگاکان بە ئاژانسی هەواڵی کاری "ئیلنا" ی ڕاگەیاندووە: زیاتر لە %٥٠ی کۆڵبەران بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان ماستەریان هەیە، ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: کۆڵبەرێک کە بڕوانامەی ماستەری لە بیرکاریدا هەبووە بەهۆی هەڵگرتنی تەلەفزیۆنێکەوە کوژراوە.

وێڕای ئەوەی کۆڵبەران بە باری سەر پشتیانەوە، زیاتر لە 11 کاتژمێر بە ڕێدا دەڕۆۆن، لەلایەک بەهۆی سەختیی ناوچە سنوورییەکان و سەرما و لەلایەکی دیکە  بەهۆی مەترسی هێرشی ناکاوی هێزەکانی سووپای پاسداران، هەر ڕۆژێک زیندوو مانەوەیان ئەگەرێکە و گیانلەدەستدانیان ئەگەرێکی زیاتر.