سەرکردە شیعەکانی عێراق سوودانی بە مەترسیی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان دەزانن

K24 - هەولێر
سەرکردە شیعەکانی عێراق دەیانەوێت بەربەستی جۆراوجۆر لە بەردەم حکوومەتەکەی سوودانی بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی دروست بکەن، تا ئێستاش ڕێگەیان نەداوە هیچ مەرجێکی کورد و سووننە لەو کارنامەیەدا جێبەجێ بکرێت.
عێراق، ئەو وڵاتەی چینە سیاسییەکەی ڕێگەی نەدا خۆری هیچ سەرۆکوەزیرانێک بە درەوشاوەیی تا سەر بمێنێتەوە.
سەرکردە شیعەکان بەهۆی کار و پرۆژەکانیانەوە، ترسیان لە گەشانەوەی ئەستێرەی بەختی سوودانی لەناو شەقامی عێراقیدا لێ نیشتووە و لە خولی داهاتووی پەرلەماندا بە مەترسی بۆ سەر خۆیانی دەزانن، هەربۆیە بەشێکیان لە ئێستەوە دەستیان بە دروستکردنی بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەو کارنامەیەدا کردووە کە بە بەشداری کورد و سووننە لە ئەیلولی 2022 هاوپەیمانی "بەڕێوەبردنی دەوڵەت" بڕیاری لێ دابوو.
ئەوەی پەیوەستە بە کوردەوە، لەناو کارنامەکەی سوودانیدا هاتووە، یاسای نەوت و غاز بنێردرێتە پەرلەمان تا کێشەی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارە بکرێت، چارەی کێشەی بودجە و مووچە لە نێوان هەولێر-بەغدا بکرێت، ڕێککەوتنی شەنگال و ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت. مەرجی سووننەکانیش بۆ بەشداریی لە هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی دەستیگیرکراوەکانیان بوو بەیاسای لێبوردنی گشتی، لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی داعشەوە وێران بوونە.
بە سەرنجدان لە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق؛ هیچ کام لە مەرجەکانی کورد و سووننە وەک دوو پێکهاتەی سەرەکیی عێراق جێبەجێ نەکراون، هەرچەندە سەرکردایەتیی کورد و سووننە، سوودانی وەک کارەکتەرێکی دەوڵەتی دەبینن و متمانەیان پێی هەیە، بەڵام هێشتا عەقڵییەتێک لە بەغداوە هەیە مەبەستییەتی ڕێککەوتنەکان جێبەجێ نەکرێن و حکومەتەکی سوودانی ڕووبەڕووی گوشار بکەنەوە، چونکە کاری ئەوان ڕاوە ماسییە لەناو ئاوی لێڵدا.
بەپێی راپۆرتێکی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت سەرکردە شیعەکان پلانێکیان هەیە بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن جارێکی دیکە هەمواربکەن تا سوودانی لە خولی داهاتووی پەرلەمان ئەگەر لیستیشی هەبوو، نەتوانێت دەنگی زۆر بەدەست بهێنێت، چونکە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانیان ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەی ئێستە بێت، سوودانی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی ساڵی 2025، نزیکەی 80 کورسی مسۆگەر دەکات.