کەرکووک، لە ئەنجامی تەقینەوەیەک دوو سەربازی عێراق بریندار بوون

K24 - کەرکووک

لە شارەدێی ڕەشادی باشووری کەرکووک بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (17ی ئاداری 2024) لە ئەنجامی تەقینەوەیەک بە هێزە سەربازییەکانی سوپای عێراق، دوو سەرباز برینداربوون.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پارێزگای کەرکووک وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، تەقینەوەکە لە گوندی سەلمانی سەر بە شارەدێی ڕەشادی باشووری کەرکووک لە کاتی پاککردنەوەی حەشارگەیەکی پێشووی چەکدارانی داعش ڕوویداوە، کە بە نیاز بوون دوای پاک کردنەوەی وەک ڕەبایەکی سەربازیی بە کاری بهێنن و تێیدا جێگیربن.

سەرچاوەکە ئاماژەیدا، تەقینەوەکە بە هۆی بۆمبێکی نەتەقیوی چەکدارانی داعش بووە و بە هۆیەوە دوو سەربازی فیرقەی 45ی سوپای عێراق برینداربوون و ئێستا لە نەخۆشخانەی حەویجە چارە دەکرێن .

شارەدێی ڕەشاد بە دووری 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری شاری کەرکووک و لە سەرەتای ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراق ئازاد کرا و لە چەکدارانی داعش پاک کرایەوە.

 

Fly Erbil Advertisment