بەرەی تورکمانی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دەکات

K24 – هەولێر:
بەرەی تورکمانی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند و جەختیش لە پاراستنی مافی پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان و بەرکەوتەکانی ئەو پێکهاتەیە لە داهاتوودا دەکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە (17ـی ئاداری 2024) بەرەی تورکمانی بڕیاری بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند و داواشی لە دەنگدەرانی پێکهاتەی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان کردووە بەشداری چالاکانە لە پرۆسەکە بکەن وەک مافێکی دەستووری و دووپاتکردنەوەی دەنگی ئەو پێکهاتەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەهۆی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە کە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی تورکمان و کریستیان بڕیاری بایکۆتکردنی بەشداریکردن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیان داوە.
رۆژی (12ـی ئاداری 2024) نوێنەرانی 10 حزب و لایەنی سیاسیی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، لە دژی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی، بڕیاریان داوە بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن، هەروەها رۆژی (14ـی ئاداری 2024) لیستی میللەتی تورکمانیش لە راگەیەندراوێکدا بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنەکە راگەیاند، دواتریش لە رۆژی (17ـی ئاداری 2024) پارتی ئیرادەی تورکمانیش رەتیکردەوە بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردن بکات.
پێشتریش لە رۆژی (11ـی ئاداری 2024) پارت و هێزهكانی كلدانی، سریانی، ئاشووری و ئهرمهنی له کۆنفرانسێکی رۆژنامهوانیدا بایکۆتکردنی ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستانیان راگەیاند.
رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی، دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.
سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (ماددەکانی 1، 9، 15، 22 و 36) تۆمارکرابوو کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکرابوون. ئەمەش بووە جێی نیگەرانی هەردوو پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان کە دژی ئەوەبوون کورسی کۆتای پێکهاتەکان کەمبکرێتەوە یاخود دابەش بکرێت بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێکهاتەکان 11 کورسی کۆتایان لە پەرلەمان هەبوو بەشێوەیەک پێنج کورسی بۆ تورکمان و پێنج کورسی بۆ کلدان و ئاشووری و سریانەکان و یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان، کە لەسەر بنەمای هەمان یاساش، شێوازی دەنگدان و کێبڕکێ کردن لە نێوان دەنگدەران و نوێنەرانی ئەو پێکهاتانە دەبوو بەشێوەی یەک بازنەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەڵام دادگای فیدراڵی هەڵیوەشاندەوە.
دوابەدوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عێراق، رۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد کە رۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوەدەچێت.
لەوبارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەبوەکردووە، بهپێى فهرمانهكه ههموو لايهنه پهيوهنديدارهكان پابهند دهبن به ئهنجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و ههماههنگى لهگهڵ كۆمیسيۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنهكانی عێراق بۆ جێبهجێكردنى فەرمانەکە، کە لە رۆژى دهرچوونييهوه جێبهجێ دهكرێت.