ناتانیاهۆ: سەرەڕای گوشارە نێودەوڵەتیەكان، ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رەفەح دەستپێده‌كه‌ین

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (وێنە: Maya Alleruzzo / AP)
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (وێنە: Maya Alleruzzo / AP)

K24 - هەولێر:

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سەرەڕای گوشارە نێودەوڵەتیەكان، ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رەفەح دەستپێدەكەن.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل له‌مباره‌یه‌وه‌ دەڵێت، تاكە رێگە بۆ گوشار خستنە سەر حەماس، هێرشكردنەسەر رەفەحە و هیچ گوشارێكی نێودەوڵەتیش رامانناگرێت.

ناتانیاهۆ هه‌روه‌ها گوتی: "دەچینە رەفەح، ئەمە تاكە رێگەیە بۆ لەناوبردنی بەتالیۆنە بكوژەكانی حەماس، هەر ئەمەش تاكە رێگەیە بۆ دروستكردنی گوشاری سەربازی بۆ ئازادكردنی بارمتەكان."

له‌باره‌ی راگرتنی شه‌ڕ و راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، فشارێکی نێودەوڵەتی هەیە بەمەبەستی راگرتنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، به‌مه‌به‌ستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئیسرائیل.

ناتەنیاهۆ روو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشدا، لەبری ئەوەی فشار لە ئیسرائیل بکەن، فشار بخەنە سەر حەماس و ئێران. 

تەندروستی غەززە، رایگەیاند، تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوو 149 کەس کوژراون، بەم شێوەیەش ژمارەی کوژراوان لە 7ـی ئۆکتۆبەری رابردووەوە گەیشتە 31 هەزار و 490 کەس، 73 هەزار و 439 کەسی دیکەش بریندارن.

160 رۆژە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەهۆی درێژە کێشانی شەڕو نەگەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی سڤیلی ئەو کەرتە هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی مرۆیی دەدەن بەهۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی و نەخۆشی.

خەڵکی غەززە بەدەست کەمئاوی و کەمخۆراکی دەناڵێنن، نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریداوە، لەکۆی دوو ملیۆن و 300 هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە بەلایەنی کەم 576 هەزار کەس واتا 25% دانیشتووانی ئەو کەرتە بەهۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراک رووبەرووی دۆخێکی کارەساتبار بوونەتەوە.

 

Fly Erbil Advertisment