پێنج سیناریۆیی دوای ده‌رچوونی پوتن له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا

باس له‌ مردنی پوتنیش كراوه‌

ڤلادیمێر پوتن،  سەرۆکی رووسیا | وێنە: AP
ڤلادیمێر پوتن،  سەرۆکی رووسیا | وێنە: AP

K24 – هەولێر:

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه دوا رۆژی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا بۆ نوێكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تێكی دیكه‌ بۆ ڤلادیمێر پوتن به‌ڕێوه‌چوو و هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان تێیدا نادیار بوون، كه‌ به‌م دواییه به‌هۆی ناڕازی بوونیان له‌باره‌ی هێرشكردنه‌سه‌ر ئۆكرانیا‌ دووچاری سه‌ركوتكردن و گیران و كووشتن بوونه‌ته‌وه‌.

دووباره‌ سه‌ركه‌وتنی پوتن له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا بووه‌ته‌ جێی مشتومڕی شرۆڤه‌كارانی سیاسی.

شرۆڤه‌كاران پێنج سیناریۆیان بۆ دوای دووباره‌ ده‌رچوونی پوتن باسكردووه‌، كه‌ بریتیین:

سیناریۆی یه‌كه‌م: به‌هۆی بڕیاره‌ تاكلایه‌نه‌كانی پوتن له‌باره‌ی ئیداره‌دانی جه‌نگی ئۆكرانیا و كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی له‌سه‌ر هاووڵاتییانی رووسی، ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی دروستبوونی ناڕه‌زایه‌تی فراوان له‌و وڵاته‌.

سیناریۆی دووه‌م: به‌هۆی هێرشی وێرانكه‌ری رووسیا بۆسه‌ر ئۆكرانیا، كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی هه‌زاران كه‌س، ره‌نگه‌ خۆپیشاندانی فراوان دژی پوتن ده‌ستپێبكات و تا ئه‌و ئاسته‌ی له‌كار لایبده‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی رووسی بۆ چه‌ند به‌ره‌یه‌ك ده‌كرێت، كه‌ ئێستا پوتن وای ده‌رده‌خات كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كگرتوون، به‌م هۆیه‌وه‌ ئاڵۆزی له‌ هه‌موو رووسیا دروست ده‌بێت و وڵاتان ده‌ستوه‌ردان ده‌كه‌ن.

سیناریۆی سێیه‌م: به‌ر له‌ ساڵێك بیرۆكه‌ی لێكترازان و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌كان یاخوود سه‌ربازانی رووسیا و هێرشكردنه‌سه‌ر مۆسكۆ به‌ بیرۆكه‌یه‌كی خه‌یاڵی وه‌سفده‌كرا، به‌ڵام له‌ حوزه‌یرانی ساڵی رابردوو یه‌ڤگینی پریكۆژینی سه‌ركرده‌ی كۆچكردووی گرووپی ڤاگنه‌ر ئه‌م كاره‌ی ئه‌نجامدا و سه‌ربازانی هاندا به‌ره‌و مۆسكۆ بچن و بووه‌ هۆی دروستبوونی مه‌ترسی بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی پوتن، زۆری پێنه‌چوو له‌ مانگی ئابی 2023 له‌ پڕ فڕۆكه‌كه‌ی پریكۆژین له‌ ئاسمانی رووسیا كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی، بۆیه‌ پسپۆران دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌، ره‌نگه‌ سیناریۆی له‌مجۆره‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌.

سیناریۆی چواره‌م: به‌هۆی تێچووی زۆری جه‌نگی ئۆكرانیا ره‌نگه‌ رووسیا تووشی داڕمانی ئابووری ببێته‌وه‌، وا له‌ پوتن بكه‌ن ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌ و خانه‌نشینی بكه‌ن، ره‌نگه‌ تا ساڵی 2030 رژێمێكی نوێ له‌ رووسیا دروست ببێت، هه‌روه‌ك شرۆڤه‌كان ئاماژه‌یان بۆ كردووه‌، یاخوود پوتن به‌هۆی خراپی باری ته‌ندروستی كۆچی دوایی بكات.

سیناریۆی پێنجه‌م: به‌شێك له‌ شرۆڤه‌كاران پێیان وایه‌ پوتن ته‌مه‌نی سیاسی درێژ ده‌بێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پوتن ده‌سه‌ڵاتی دادگای فیدراڵی وڵاته‌كه‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، ده‌توانێ له‌ رێگه‌ی كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو بمێنێته‌وه‌ و درێژتر حوكمی رووسیا بكات.

رۆژی 2024/03/15 هەشتەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا دەستیپێکرد، تیایدا زیاتر لە 112 ملیۆن رووسی مافی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی وڵات هەبوو.

پرۆسەکە سێ رۆژی خایاند و تا ئه‌مڕۆ بەردەوام بوو، چوار کاندیدیش رکەبەری لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی رووسیا دەکەن.

94 هەزار بنکەی دەنگدان لە رووسیا بەرووی دەنگدەراندا کرانەوە، 40 رێکخراوی نێودەوڵەتیش چاودێری هەڵبژاردنەکەیان كرد.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا به‌ ژماره‌:

هەشتەم خول

سێ رۆژ

15 تاكو 17ـی ئادار

+18 ساڵ دەنگ دەدات

112 ملیۆن و 309 هەزار کەس ده‌نگیاندا

1.890.000 دەنگدەر لە دەرەوەی رووسیا

مەرجەکانی کاندیدبوون

+35  ساڵ

+25 ساڵ نیشتەجێی رووسیا

هەڵگری رەگەزنامەی بیانی نەبێت

300.000 واژۆ کۆبکاتەوە

شێوازەکانی دەنگدان:

دەنگدان لە بنکەکان

دەنگدان لە ماڵەوە

ده‌نگدانی ئەلیکترۆنی

دەنگدان لە شوێنە دوورەکان

ژمارەی بنکەکانی دەنگدان:

94.000

دەنگدان لە چوار ناوچەی لێکێندراو بە رووسیا:

لۆهانسک

دۆنێتسک

زاپۆریژیا

خێرسۆن

رێکخراوی چاودێری نێودەوڵەتی:

40

کاندیدەکانی سەرۆکایەتی رووسیا:

ڤلادیمیر پوتن (سەربەخۆ)

ڤیادسلاڤ داڤانکۆڤ (پارتی نوێی خەڵک)

لیۆنید سێلۆتێسکی (لیبراڵی دیموکرات)

نیکۆڵای خاریتۆنۆڤ (پارتی کۆمۆنیست)